رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە پارێزگاکە دەکات و هەموو ناوچەکانی ورمێ دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025) مەهدی سابری، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، کۆتایی هەفتە شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، بەردەوام دەبێت.
سابری پێشبینی دەکات بەهۆی ئەو شەپۆلەوە پلەی گەرما 8 بۆ 12 پلە دابەزێت و بەستەڵەک دروست بێت، لە هەندێک ناوچەش دا، ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست بێت و مەودای بینین بەهۆی تەمومژەوە کەم ببێتەوە.
بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ گوتی، "شەپۆلەکە بەفر و باران و بای بەهێزی لەگەڵ دا دەبێت و بەهۆی تەمومژەوە، مەودای بینین کەم دەبێتەوە".
کەشناسیی پارێزگای ئیلامیش رایگەیاند، سبەی شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین و سەرما پارێزگاکە دەگرێتەوە و پلەی گەرما دادەبەزێت، کە تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی پارێزگای سنە، سبەی شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت".
لەبارەی کەشوهەوای کرماشانیش، کەشناسیی پارێزگاکە باس لەوە دەکات، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلی بارانبارین و بەفر بەشی زۆری پارێزگاکە دەگرێتەوە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر دەبێت.
هاوکات، کەشناسیی لوڕستان دەڵێت، سبەی شەپۆلێکی بەفر و باران بەشی زۆری پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. شەپۆلەکە بای بەهێز و تەرزە و بەفر و بارانی لەگەڵدا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ