کەشناسی: سبەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەبارانە

19-02-2024
هیدایەت جان
نیشانەکردن بارانبارین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمڕۆ لە دهۆک و سلێمانی باران ببارێت و دەشڵێت، سبەی نیوەڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە (19ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پێشبینی کەشوهەوای 48 کاژێری داهاتووی بڵاوکردووەتەوە، شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت؛ سبەی شەپۆلێکی لاوازی بارانبارین سەرتاسەری کوردستان دەگرێتەوە و هەمان رۆژیش کۆتایی پێدێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسی هەرێمی کوردستان؛ ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری نمەبارانی کەم کەم لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک و سلێمانی هەیە، بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵات دەبارێت و پلەی گەرما گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند؛ سبەی نزمە شەپۆلێکی بارانبارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و درەنگی شەو کاریگەرییەکەی نامێنێت و کەشوهەوا، ئاساییدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایە؛ لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هیچ شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، لە مانگی داهاتووشەوە جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین.
 
هاوکات، کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، سبەی ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بێت و دوای نیوەڕۆ ئەگەری نمە باران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵات دەبارێت و شەو کاریگەری دابارین نامێنێت.
 
پلەی گەرمای شارەکان بۆ رۆژی سێشەممە:
 
هەولێر: 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 16 پلەی سیلیزی
سۆران: 12 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 2 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 17 پلەی سیلیزی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە