شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە

19-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە سبەی دووشەممە 19-02-2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد تەمیم، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق کۆبێتەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا دەکرێت. هەروەها لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرنج و تێبنییەکانی لەبارەی پرۆژەیاساکە، پێشکێش بە محەممەد تەمیم کردبوو و بڕیارە سبەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە 19ى شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بڕیاریاندا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنن بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی.  
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە 19ى شوباتی 2023، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنرێت بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوە و دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق. 
 
رۆژی شەممە 18-02-2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانەکەمان دوو رۆژ دەخایێنێت و رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت لەبارەی بابەتی یاسای نەوت و گاز و بابەتە پەیوەندیدارەکان." 
 
هەمان شاند لە 11-02-2023 سەردانی بەغدای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد.
 
رۆژی 10-12-2022 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد.
 
دوای سەردانی شاندەکە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی بڕی 400 ملیار دینار بۆ دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پاڵپشت بە کارنامەی وەزاری کە هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتوون و پەرلەمان پەسندی کردووە، بەپێی بڕیاری (ژمارە 18ـی ساڵی 2022) بە نووسراوی ژمارە (1/9.د.خ./س.1/18) لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەتی دارایی 400 ملیار دینار خەرج بکات، ئەوەش وەک شایستەی هەرێمی کوردستان." 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی نەوتی و نانەوتییە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە بە هاوئاهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی دەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی هەژمارکردنی داهاتی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان." 
 
دواتر لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەموو ناردنێکی پارە لە بەغداوە بۆ هەولێر رابگرێت، تائێستاش 400 ملیارەکە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.