رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری بەخشینی گومرگی لەسەر مادە خۆراکییەکان و دەرمان کە لەلایەن بەغداوە دراوە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش دەڵێ، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هێشتا سیستمی گومرگری و ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویست بوو ئەم بەخشینە لە باج هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا سیستمی گومرگیمان تەواو نەکراوە و ئەسیکۆدا جێبەجێ نەکراوە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، تاوەکو لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی لەسەر ئەو بڕیارە دەدرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ جێبەجێکردنی ".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ بازرگانان کردووە و نابێت زیادەڕۆیی بکەن لە نرخی کاڵا، وەک ئاسانکاری ئەوەی بە ئێمە بکرێت بۆیان دەکەین".
لەبارەی چاودێری بازاڕیش ئاماژەی بەوە کرد: "هەر کەسێک نرخەکان زیاد لە پێویست بەرز بکاتەوە سزا دەدرێت و لیژنەکانمان چاودێریی بازاڕ دەکەن".
سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخیش لەم رۆژانەدا، نەوزاد شێخ کامیل روونیکردەوە: "بەهۆی ئەوەی ئێستا کەلوپەل لە تەنگەی هورمزەوە نایەت، کاتی گەیشتنیان درێژە دەکێشێت و کرێی رێگە زیادی کردووە، هەروەها هەندێک کەلوپەل لە شوێنی بەرهەمهێنان نرخەکانیان بەرزبووەتەوە، نزمبوونەوەی بەهای دیناریش لەلایەکی دیکەوە، ئەمانە هەموو هۆکارن."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مادە خۆراکییەکان و دەرمانی هاوردەکراو لە باجی گومرگی ببەخشرێن.
هەروەها لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا وەرگرتنی باج و رسووماتی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وەک هێلکە، مریشک و گۆشت دوابخرێت؛ کە بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئامانج لەو بڕیارە "پشتگیریکردنە لە جێگیربوونی بازاڕەکان و دابینکردنی ئەو پێویستییە سەرەکییانە بە نرخێکی گونجاو، بەشێوەیەک بۆ هەموو هاووڵاتییان بەردەست بێت".
.webp&w=3840&q=75)



