رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی کەمالەی هەورامان کەسێک لەکاتی گوێز تەکاندن لەسەر دار کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری مەریوان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت، "دوێنێ سێشەممە، هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی کەمالە لە هەورامانی تەخت لەکاتی گوێز تەکاندن لەسەر دار کەوتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو کەسە ناوی عەبدوڵڵا ساڵحی، تەمەن 58 ساڵ بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
لە ماوەی مانگێکدا ئەوە پێنجەم کەسە لەو سنوورە لە ئەنجامی بەربوونەوە لەسەر دارگوێز گیان لەدەست بدات.
پارێزگای سنە لە سەر ئاستی ئێران بە پلەی دووەم دێت لە بەرهەمهێنانی گوێز و 11 هەزار هێکتار باخی گوێزی هەیە کە ساڵانە نزیکەی 29 هەزار تۆن گوێز لەو پارێزگایە بەرهەم دێت و بەشێک لەو بەرهەمە هەناردە پاریزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و دەرەوەی ئێرانیش دەکرێت.




.webp&w=3840&q=75)