کوردستان
ئەگەر بە هەڵە تیکتۆک بسڕیتەوە و بازاڕی دیجیتاڵیی مۆبایلەکەت لەسەر ئەمریکا بێت، داونلۆد ناکرێتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
قەدەخەکردنی تیکتۆک لە واشنتنەوە دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئاپەکە لەنێو بازاڕەکانی ئەپڵ و گووگڵ لە کوردستان و هەموو دنیاش، ئەگەر بازاڕەکان لەسەر وڵاتی ئەمریکا بەگەڕخرابن.
ئەم کێشەیە تەنیا ئەو بەکارهێنەرانە دەگرێتەوە کە ئەپڵ یان گووگڵ ئایدییەکانیان ئەمریکین یان لەسەر ئەو وڵاتە هەژمارکراون.
ئەپڵ ستۆر و گووگڵ ستۆر دوو بازاڕە گەورەکەی نێو مۆبایلەکانمانن کە لە رێگەیانەوە دەتوانین ئاپ و بەرنامە نوێیەکان داونلۆد بکەین و بەکاریانبهێنین.
دوو جۆر سیستمی مۆبایل لە دنیادا بەرفراوانترینن و بە رێژەی نزیکەی 100%ـی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ئەو سیستمانە بەکاردەهێنن؛ ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید. خاوەنی یەکەمیان کۆمپانیای ئەپڵە و دووەمیان گووگڵە.
بۆ سادەکردنەوەی زیاتر، سیستمی ئایفۆن ئای ئۆ ئێسە و سیستمی سامسونگ و هاوشێوەکانی ئەندرۆیدە.
هەر ئێستا ئەپڵ یان گووگڵ ستۆرەکانتان بپشکنن؛ بگەڕێن بۆ تیکتۆک، ئەگەر بەردەست نەبوو، ئەوا مانای ئەوەیە کە لۆکەیشن/شوێنی ئەپڵ ئایدی یان گووگڵ ئایدی (بازاڕی داونلۆدی بەرنامەکان)تان ئەمریکایە.
بۆچی بازاڕی نێو مۆبایلەکانمان بە ئەمریکا هەڵبژێردراوە؟
چەند هۆکارێک وەڵامی ئەو پرسیارەیە؛ دەکرێت بەهۆی ئەوە بێت کە کاتی خۆی ئەپڵ ئایدی یان گووگڵ ئایدی مۆبایلەکانمان بنچینەیان ئەمریکا بووبێت و ئێمە نەمانزانیبێت و ئەو دووکاندارەی پێی فرۆشتووین ئاگاداری نەکردبینەوە. هەروەها دەکرێت خۆمان نەمانزانیبێ چاکی بکەین و لۆکەیشنەکەی بگۆڕین بۆ وڵاتەکەی خۆمان.
هەندێ کەسیش خۆیان بە مەبەست لۆکەیشنیان بۆ ئەمریکا گۆڕیوە چونکە هەندێ جار بەشێک لە ئاپەکان لە وڵاتانی وەکو عێراق و وڵاتانی دیکەی جیهانی سێیەم کارا نابن.
ئەم کێشەیە چارەسەری هەیە؟
بەڵێ، چارەسەری هەیە، بەڵام دەبێ هەژماری بانکیت هەبێت چونکە لە کاتی گۆڕینی لۆکەیشنی ئەپڵ یان گووگڵ ئایدییەکان داوای داخڵکردنی ژمارەی بانکی و هەندێ زانیاریی دیکە دەکات.
ئەگەر هەژماری بانکیت نییە یان هەتە و ناتەوێ داخڵی بکەی، ئەوا چاوەڕێبە کێشە لە تیکتۆکەکەتدا دروست ببێت. راستە ئێستا لەنێو مۆبایلەکەدا ئاپەکە هەیە و ئاسایی کار دەکات، بەڵام ئەگەر بە هەڵە بسڕدرێتەوە و لۆکەیشنت ئەمریکا بێت، ئەوا جارێکی دیکە ناتوانی داونلۆدی بکەیتەوە.
جگە لەوەش، ئاپەکان زوو زوو ئەپدەیت دەکرێنەوە، ئەگەر بە هەڵەش نەتسڕیبێتەوە، ئەوا رۆژێک لەکار دەکەوێت چونکە ئەپدەیتە نوێیەکان پشتیوانی لێ ناکەن.
ئەمانە بۆ ئەو کاتەیە بەکارهێنەر نەیەوێت ئەپڵ یان گووگڵ ئایدییەکەی بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر ناچاربووی دەتوانی بیگۆڕیت و لە بنچینەدا و لە لۆکەیشنەکەدا ئەمریکا هەڵنەبژێریت یان بە دووکاندارەکە بڵێی با ئەمریکا نەبێت.
داهاتووی ئەم کێشەیە
وادیارە تاوەکو سێ مانگی داهاتوو کێشەکە بچووک دەکرێتەوە، چونکە دۆناڵد ترەمپ سبەی دووشەممە دەچێتەوە کۆشکی سپی و دەڵێت، دوای سوێندخواردنەکە فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەردەکات و تیکتۆک لە وڵاتەکەی تاوەکو 90 رۆژی دیکە دەخاتەوەگەڕ.
بەڵام ئەو فەرمانەی ترەمپ هیچ لە بڕیارەکەی دادگەی باڵای ئەمریکا ناگۆڕێت، کە بەکارهێنانی تیکتۆکی لە وڵاتەکە قەدەخە کرد، چونکە لە پاش ئەو سێ مانگە یان دەبێ کێشەی دادگە و کۆمپانیای بایت دانسی خاوەنی تیکتۆک چارەسەر بووبێت، یان دووبارە قەدەخەکردنەکە دەچێتەوە واری جێبەجێکردن.
لە لایەکی دیکە، کۆمپانیاکانی وەکو ئەپڵ و گووگڵ دیار نییە لەگەڵ فەرمانەکەی ترەمپدا تیکتۆک بۆ نێو بازاڕە دیجیتاڵییەکانیان دەگەڕێننەوە، چونکە بەپێی فەرمانەکەی دادگە سزای تووندی دارایی دەدرێن.
لەبەر ئەو هۆکارانە، داهاتووی تیکتۆک لە ناوخۆی ئەمریکا و ئەو مۆبایلانەی دیکەی دنیا کە بازاڕەکانیان لەسەر ئەو وڵاتە داناوە، رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، چارەسەر تەنیا رێککەوتنی بایت دانس و دادگەی باڵای ئەمریکایە کە داوای لە کۆمپانیا چینییەکە کردووە، پشکی ئەمریکای بە کەسێکی ئەمریکی بفرۆشێتەوە، چونکە پێی وایە حکومەتی چین دەست وەردەداتە ئیشوکاری کۆمپانیاکە و داتاکانی بۆ سوودی خۆی بەکاردەهێنێتەوە. بایت دانس هەمیشە ئەو تۆتەمەتەی رەتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ