رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ داوای کرد ئەوانەی تائێستا کارتی نیشتمانییان دەرنەهێناوە، پێویستە بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کارتی نیشتمانیی تایبەتمەندی خۆیان بکەن بۆ دەستپێکردنی مامەڵەکانیان.
چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد، تێیدا رایگەیاندووە، "ئاگاداری هەموو ئەفسەر، فەرمانبەر و کارمەندان بکەن، ئەوانەی بە هەر هۆکارێک بێت تائێستا کارتی نیشتمانییان نیییە، پێویستە بەزووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کارتی نیشتمانیی تایبەتمەندی خۆیان بکەن بۆ دەستپێکردنی مامەڵەکانیان، کە لانیکەم کارەکانی وێنەی تۆماری ئەلیکترۆنی تەواو بکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "ئەوەی بە هەر هۆکارێک بێت دەستی نەگاتە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، دەتوانن سەردانی بەشی تۆماری ناوەندی لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و کارتی نیشتمانیی هەولێر یان دهۆک بکەن بۆ ئەوەی بەپەلە کارەکانیان بۆ رایی بکرێت."
بە گوتەی هێمن میرانی؛ ئەمە بەشێکە لەو داواکاری و پێداویستییانەی، کە حکومەتی فیدراڵی داوای کردووە و کاریگەری دەبێت لەسەر مووچەی هەرکەسێک کە کارتی نیشتمانیی نەبێت.
رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "وەکو هەنگاوی یەکەم لە نێوخۆی عێراقدا لە 01-04-2024 مامەڵەکردن بە بەڵگەنامە کاخەزییەکانی ناسنامەی باری کەسی و رەگەزنامەی عێراقی رادەگیرێت، ئەوەش پاڵپشتە بە یاسای کارتی نیشتمانیی ساڵی 2016."
بەغدا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای "چی ئێن دی"ـی ئهڵمانی واژۆ کردووە و تێچووی پرۆژەکە 120 ملیۆن دۆلار دەبێت، نووسینی سەر كارتەكەش بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییە.
ئەو کارتە، دەبێتە جێگرەوەی سێ بەڵگەنامە (رەگەزنامە، ناسنامەی باری شارستانی و كارتی زانیاری)، 20 نهێنی كەسی هەر تاکێک لەخۆدەگرێت و ساختەكردنی ئەستەمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ