رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەرهێنانی دوایین تەرمی لە ژێر خانووە رووخاوەکەی سلێمانی راگەیاند و ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 15 کەس، سەرجەمی قوربانییەکان 27 کەسن، 25یان ئەندامانی یەک بنەماڵەن، دوو قوربانییەکەی دیکە میوانی خێزانەکەن.
رۆژی هەینی 18-11-2022، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە بەردەوامی پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەوانەی لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەدا مابوون 4 تەرمی دیکە دۆزرانەوە."
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی ئەو چوار تەرمە دۆزرانەوە، عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دۆزینەوەی دوایین تەرمی راگەیاند کە 4 تەرم بووە و رایگەیاند: "لە شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 15 تەرممان دەرهێناوە، لەگەڵ 12 کەس کە لە ژیاندا مابوون."
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکەوەش، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند: "100٪ بەهۆی سیستمی غازەکەوە بووە، وەستایەک کە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی فەرمیی نەبووە، هاتووەتە ئێرە. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەستکاریی سیستمی شۆفاژی ئەو ماڵەی کردووە، بەهۆی لێچوونی غازەوە ئەو کارەساتە روویداوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی، سەرجەم قوربانییەکان ژمارەیان 27 کەسە، 25یان ئەندامانی یەک بنەماڵەن، دوو قوربانییەکەی دیکە میوانن کە یەکێکیان وەستاکەیە لەگەڵ خێزانەکەی.
هەروەها مامۆستایەکی ئایینی بەناوی بنەماڵەی بابە شێخی سیرێ سوپاسی هەموو تیمەکانی دەزگەکانی راگەیاندن و ئەو خەڵکانەی بە فریایان کەوتوون لەو رووداوەدا.
سەبارەت بە رێوڕەسمی ناشتنی قوربانییەکان، ئەو مامۆستا ئایینییە گوتی: "ئینشاڵڵا رۆژی شەممە لە مزگەوتی بابە شێخی سێرێ کە مزگەوتی خۆمانە لەوێوە دەچین بۆ کەڵەکن، گۆڕەکان هەمووی ئامادە کراوە، لە رێوڕەسمێکدا هەموویان بە خاک دەسپێردرێن، پرسەکەشیان لە مزگەوتی بابە شێخی سێرێ دەبێت."
شەوی پێنجشەممە 17-11-2022، لە خانوویەکی گەڕەکی کازیوە لە سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا؛ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی غازی LPG بووە.

.png&w=3840&q=75)
