سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبمەوە و داوای پاراستنی زمانی کوردی لێدەکەم

18-07-2023
 زابیت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان
زابیت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان
نیشانەکردن ئازەربایجان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ئازەربایجانە، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجانیش دەڵێت " داوای هاوکاریی لێدەکەم بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لە ئازەربایجان".
 
زابیت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە، وەکو کوردانی ئازەربایجان، پێمانوایە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان زۆر گرنگە، ئەم پەیوەندییەش کە لەنێوان ئازەربایجان و کوردستان دروست دەکرێت زۆر گرنگە، چونکە ئێمەش کێشەمان هەیە و لەو رێگەیەوە دەکرێت چارەسەر بکرێن. پێشتر هاتووچۆ لەنێوان هەردوولا هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی نێوان هەردوولایە و بۆ ئێمەش زۆر پێویستە". 
 
زابیت مەمەدۆڤ کە شەوی 17-7-2023 لە ئازەربایجانەوە قسەی بۆ کامێز شەدادی، نێردراوی رووداو کرد، باسی کێشەکانی کوردانی ئازەربایجانی کرد و گوتی "ئێمە چەند کێشەیەکمان هەیە، لەوانە کێشەی زمان... ئێمە پەرت بووین و زمانەکەمان لەبیردەچێتەوە و نامێنێت، دەکرێت لە رووی پەروەردە و زمانەوانییەوە هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکات و مامۆستامان بۆ بنێرێت".
 
بڕیارە زابیت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەشەوە گوتی "سەرەتا دەمانەوێت پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان هەبێت، دواتر لە رووی زمان و قوتابخانەوە هاوکاریمان بکرێت، بۆ ئەوەی زمان و کولتوورمان لەنێو نەچێت، داواکارییەکانی ئێمە هەموویان نامادین".
 
دووشەممە 17-07-2023 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان کۆدەبێتەوە و هەردوو سەرۆک پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاکاندا تاوتوێ دەکەن.
 
سەردانەکە لەدوای ئەوە دێت، لە شوباتی ئەمساڵدا و لەچوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلێیڤ کۆبوونەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ وڵاتەکەی.
 
عەلیێڤ لە کۆبوونەوەی رابردوویدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و بازرگانی کردبوو، لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی ئابووری بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی کارکردن لە رێگەی نێوان شکارتە - بالیسان، وێنە: فەیسبووک

رێگەوبانی راپەڕین: پێنج پرۆژە بە گوژمەی 2.5 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن

بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیێنێت، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار، پرۆژەی رێگەوبانیان لە سنوورەکە جێبەجێکردە. دەشڵێت، نەبوونی نەختینە گرفتی بۆ کارەکانی پرۆژەی رێگەی شکارتە -بالیسان دروستکردووە.