دانانی خاڵی نوێی سەربازی لە باتیفا، هاونیشتمانییانی کەشانی گەڕاندەوە گوندەکەیان

18-05-2024
غەریب مەجید
گەڕانەوە بۆ گوندی کەشان
گەڕانەوە بۆ گوندی کەشان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای جێگیرکردنی دوو خاڵی سەربازی لە گوندی کەشان، هاووڵاتییانی گوندەکە بە ئاهەنگگێڕان و شایی گەڕانەوە گوندەکەیان. 
 
پاش 11 ساڵ لە شەڕی تورکیا و پەکەکە لە گوندی کەشانی سەر بە قەزای باتیفا، پاسەوانی سنووری عێراق لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دوو خاڵی نوێی سەربازییان دانا.
 
یەکێک لە خاڵەکان لە چەپەری ئینگلیز و ئەوەی دیکە لە ملی سیارە، بە کرانەوەی ناوچەکەشیان، کەشانییەکان گەڕانەوە گوندەکەیان.
 
هێشتا شوێنەواری شەڕ لە گوندەکەدا دیارە، دیارترین گەواهیدەری دۆخی خراپی گوندەکەش لەماوەی ساڵانی رابردوودا دارگوێزێکە، کە تەمەنی لە 200 ساڵ زیاترە و مارەیی دەخیلا بووە.
 
ئەو دارگوێزە لە رۆژی بووکێنیی دەخیلا 36 لەمەوبەر، لەلایەن مام ساڵحی هاوژینییەوە پێشکێشی کراوە، بەڵام شەڕ زیانی بەو یادگارییەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییان گەیاندووە.
 
دەخیلا کەشانی، هاونیشتمانیی گوندەکە باسی چیرۆکی دارگوێزەکە دەکات و دەڵێ مام ساڵح لە رۆژی ئاهەنگی هاوسەرگیرییان پێی گوتووە "ئەو دارە بۆ تۆیە، هەرچی گوێزیشی دای هەر بۆ تۆ." دەڵێ "من سواری هێستر ببووم و نەدەهاتمەوە خوارەوە، پێی گوتم ئەگەر شووم پێبکەی، ئەو دارگوێزە دەکەمە دیاری بۆ تۆ... هەموو ساڵێک دوو، سێ فەردە گوێزمان لێ لێدەکردەوە، کەچی سووتاوە."
 
لەبەرامبەر هەردوو خاڵی سەربازی، خاڵێکی دیکەی سەربازیی تورکیا هەیە کە هەر لە چوارچێوەی گوندی کەشانە، بەپێی سەرچاوەیەکی تایبەتی پاسەوانی سنووری عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەوان پلانیان هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا دووخاڵی دیکەش؛ یەکێکیان لە چەلێ زێوک و ئەوەی دیکەش لە ملاڕەزا بکەنەوە.
 
لەدوای کردنەوەی ئەو خاڵە سەربازییانە و کرانەوەی ناوچەکە بەڕوویاندا، هاونیشتمانییانی گوندی کەشان، سەیرانێکی بەکۆمەڵیان بۆ گوندەکە رێکخست.
 
سەرجەم ئەو هاونیشتمانییانەی لەنێو سەیران و شایی و ئاهەنگگێڕانەکەوە قسەیان بۆ رووداو کرد، باسیان لەوە کرد دڵخۆشن بەو هەنگاوانە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکە، داواش دەکەن خاڵی دیکەی سەربازی دابنرێن، تاوەکو بتوانن بچنە سەر چیاکانیش.
 
پاسەوانی سنووری عێراقی 9 خاڵی سەربازییان لە گوندەکانی دەڤەری گولیان داناوە، کە دووانیان نوێن، بەڵام هێشتا 15 گوندی ئەو دەڤەرە چۆڵن و خەڵکی گوندەکان لەترسی شەڕی تورکیا و پەکەکە، ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی شەهید رەئووف  بەگ

نەخۆشخانەی گشتیی شارەزوور لەدوای ژەهراویبوونی 1200 کەس چەند رێنوێنییەک بڵاودەکاتەوە

شەوی رابردوو لە قەزای شارەزوور 1200 کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە روویان لە نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە کرد، بە مەبەستی خۆپارێزی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگ چەند رێنوێنییەک بڵاودەکاتەوە