یونامی بۆ رووداو: خۆسووتاندنی گەنجەکە شۆکی کردین

18-05-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن خۆسووتاندن پەنابەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە هەولێر (یونامی) لە بارەی رووداوی خۆسووتاندنی پەنابەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم نووسینگەکەیان  بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە تووشی شۆک بووین و دڵگرانین لە بەرامبەر ئەو رووداوە."
 
نووسینگەی یونامی لە هەولێر هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرا بۆ گەنجەکە دەخوازێت و دەڵێت، کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران راگەیێنراوێکی فەرمی لە بارەی رووداوەکە بڵاودەکاتەوە. 
 
نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 18-5-2021 دوو پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان کە وەکو پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستانن، بە مەبەستی داواکردنی هاوکاری، سەردانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردبوو لە شاری هەولێر، ئەوەشیان بە بەرپرسانی بارەگاکە راگەیاندبوو ئەگەر هاوکاری نەکرێن و داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، خۆیان دەسووتێنن، دوای هاتنە دەرەوەشیان لەبەردەم چاوی چەند راگەیاندنێک یەکێک لە دوو پەنابەرە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
 
دوای رووداوەکە ئەمبوڵانسێکی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو پەنابەرەیان گواستووەتەوە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی، بەپێی زانیارییەکانی رووداو تەندروستی ئەو پەنابەرە باشە، ئەوەی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە.
 
ئەو دوو پەنابەرە ئەندامی یەکێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەرپرسانی ئەو پارتە دەڵێن ئەوان ئاگاداری ئەو کارەی ئەو دوو پەنابەرە نین.
 
ئەو دوو پەنابەرەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لە شاری هەولێر خەریکی کاری کاشین و هەر لە شوێنی کارکردنیشیان بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریان دەمێننەوە.
 
خۆسووتاندنی ئەو گەنجە لە بەردەم کامێراکان و گواستنەوەی دیمەنەکە راستەوخۆ لە کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و داوای لە دەستەى سەرۆکایەتیى داواکاریى گشتى کرد، هەموو رێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا راگەیاندن و پەیجانەى سۆشیالمیدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە رووماڵى رووداوەکەیان کردووە، بگرێتەبەر.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە