رووداو دیجیتاڵ
شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە و دەڵێن، کۆبوونەوەکەیان "ئەرێنی" بوو. بەرپرسێکی یەکێتیش بە رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەی داهاتوودا باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین".
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 18-03-2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کرا. دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، "گەیشتنە دواڕەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناخی داهاتوو کە دەبێتە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی حکومەت و دامەزراوەکانی تر و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان".
شاندەکەی پارتی هۆشیار زێباری و یەکێتی قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرد. بەرپرسێکی یەکێتی کە ئاگاداری کۆبوونەوەکانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زۆر ئەرێنی بوو. لە قۆناخی کۆتایی نزیکین". دەشڵێت، "لە قۆناخی کۆتایی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکین و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین."
رۆژی یەکشەممە، 16-3-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی گوتی: "ئەمە دووجارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی".
سەرۆکوەزیرانی باسی لەوەش کرد، "ئومێدەوارم تیمەکانیش بتوانن هەر بەو رووحیەتە بگەنە رێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵیان خۆش بێت بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوانمان".
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو؛ لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میـلەتەکەمان باش بێت، رێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان".
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەو قسانەیان دوای کۆبوونەوەکەیان کرد و دواتر بە تەوقەیەکی گەرم ماڵئاواییان لە یەکدی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ