رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی ئاراستەی کوردانی ئێزدیی کرد و رایگەیاند، ئەو پرۆسەیەی هەیە، دەبێتە گەورەترین نوێبوونەوە بۆیان.
ئۆجەلان ئەمڕۆ سێشەممە، 18-3-2025، پەیامەکەی بڵاوکردەوە و لە سەرەتای پەیامەکەیدا باسی لەو کۆمەڵکوژی، ستەم و ئازارە کردووە لە مێژوودا بەرامبەر کوردی ئێزدی کراوە.
ئۆجەلان دەڵێت: "ئێزدییەت یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگە هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. ئەوان بۆ پاراستنی کولتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانیی گەورەیان داوە. ئەو تراژیدی و کۆمەڵکوژییەی رووبەڕووی بوونەتەوە، نەوەک تەنیا لە ویژدانی گەلەکەمان، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە".
ئۆجەلان دەڵێت، کوردانی ئێزدی بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام بە بەرگریکردن درێژەیان بە مانەوەی خۆیان داوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "لە سەدەی رابردوودا کۆمەڵکوژییەکان لە ئەنجامی هێرشی عەقڵی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە ئاستی جینۆساید کراونەتە سەریان. کۆمەڵکوژیی شنگال لە ساڵی 2014 درێژەی ئەو عەقڵە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەنێوبردنی ئێزدییەکان بوو".
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بە تێکۆشانی کوردانی ئێزدی کردووە و جەخت دەکاتەوە کە ئەوان بە بەرخودانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان داوەتەوە؛ بەشداریکردنی ژنانیش لەو بەرخودانەدا بە بایەخدار ناودەبات.
داهاتووی کوردانی ئێزی یەکێکی دیکەیە لەو تەوەرانەی ئۆجەلان باسی لێوە کردووە و دەڵێت: "پێویستە رێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وەها پێکبێنن کە بتوانن ئازادانە بە باوەڕی خۆیان بژین. لەم قۆناخەدا کە پێی گەیشتووین، دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی بۆ پاراستنی بوون، مێژوو و درێژەپێدان زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگەی کۆمەڵگەی دیموکراسی، دەتوانرێت داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دروست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی بەدیموکراسیبوون و دروستکردنی کۆمەڵگەی دیموکراسی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا".
ئۆجەلان هەموو روانگەیەک بە نایاسایی و ناڕەوا ناودەبات کە دان بە کوردانی ئێزدیدا نانێت و بە پێویستی دەزانێت کوردانی ئێزدی لە هەر شوێنێک بن، بە خۆڕێکخستن داهاتوو و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن.
ئۆجەلان دوای ئەوەی تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراسی بە بەرپرسیارێتیی هەموو گەلان دەزانێت، دەڵێت: "بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەروەها دەڵێت: "ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادیی گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکەوە گرێدراون. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی وەڵامە بەرامبەر فەرمانی 73ـی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدی دەهێنێت. ئەم بانگەوازە نوێبوونەوەیە و بۆ گەلی ئێزدیمان گەورەترین نوێبوونەوە دەبێت. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆمتان ئاراستە دەکەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ