پارتی: بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی و نادەستووری سەپێندرابێت

18-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''  
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رەخنە لە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەگرێت لەبارەی کورسیی کۆتاکان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، دەڵێ "وردەکاریی نادەستووریی تێدایە."
 
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێ "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی "بڕیارەکەی دادگە، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی."
 
راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی هات. دەشڵێن، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەنە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لە جێبەجێکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی حکومەت، "بە پێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا."
 
هەڵوێستەکەی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆ "رەوایی نەدانە بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و، وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی دەستور کە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت."
 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.          
 
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".

 
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە