رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، "دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان" لەگەڵ یەکێتی. هەروەها پارتی داوای "چه‌سپاندنی بابه‌تی چوار بازنه‌یی"ش بۆ هەڵبژاردن دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-01-2023، بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا؛ مەکتەبی سیاسیی پارتی جگە لە باسکردنی پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی و حیزبە سیاسییەکانی دیکە، باسی لە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کێشەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی نویێ عێراق کردووە.
لە راگەیێندراوی دوای کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا پارتیمان جەختی له چاره‌سه‌ری كێشه و گرژییه‌كانی كه هه‌ن له په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان کردەوە به‌گوێره‌ی پره‌نسیپ و مادده‌كانی رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری نێوانمان و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەت كه به ره‌زامه‌ندیی هه‌ردوولامان نووسراون و ئیمزاكراون."
پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لە "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتی و حیزبە سیاسییەکانی دیکە دەکاتەوە و دەڵێت، هەروەک پێشتریش دەستپێشخەرییان کردووە، جارێکی دیکە "دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، هەر ئەمەش به رێگەیه‌كی دروست و هاوچه‌رخ ده‌زانین کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی و ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ستده‌كه‌ین به گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینه‌وه."
لەبارەی کێشەکانی حکومەتیش کە بەمدواییانە زیاتر زەقبوونەوە و وەزیرەکانی یەکێتی بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کرد، مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، بڕیاربوو لەگەڵ یەکێتی بەیەکەوە پشتیوانیی لە کابینەی نۆیەم بکەن، "بەڵام به‌داخه‌وه نه‌ك پشتیوانیی حكومه‌ت نه‌كرا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه زۆر ئاسته‌نگی بۆ دروستكرا."
پارتی پێیوایە کە کێشەکانی نێو حکومەت بە "کەسی" کراوە و رایدەگەیێنێت، "ئێمە دژی به شه‌خسه‌نه‌كردنی كێشه‌كانین و ئه‌م جۆره هه‌وڵانه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه." دەشڵێت، مەسرور بارزانی "به‌گوێره‌ی مادده و بڕگه‌كانی رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری، هه‌روه‌ها كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م ره‌فتاری كردووه، ئه‌م هه‌وڵانه‌یان بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌م كه‌موكوڕییانه‌یه كه دروستیده‌كه‌ن و رێگە له چاكسازی و شه‌فافییه‌ت ده‌گیرێ، بۆیە رایده‌گه‌یه‌نین کە ئه‌م جۆره ره‌فتار و مامه‌ڵه‌كردنه له كاروباری حكومه‌ت خۆدزینه‌وه‌یه له رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری و كارنامه‌ی كابینەی نۆیەم كه هه‌رسێكیان به هاوبه‌شی و به په‌سندی هه‌ردوولامان ئاماده‌كراون و ئیمزاكراون."
رۆژی 15-01-2023، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە وا رێککەوتبوون کە کۆتایی بە دووئیدارەیی بهێنن و شوێنەوارەکانی بسڕنەوە و بڕیارەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت. دەشڵێت، بەڵام "بەداخەوە" لە هەندێک شوێن "رێگری کراوە و کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروست کراوە کە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیيانمان گەیاندووە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت پاڵپشتی لە حکومەت بکەن و "نابێت لە ناو حکومەت بن و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینن." دەشڵێت، "پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکانیش جێبەجێکاری ئەجێندای حکومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان لە دەرەوەی حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت نەک کاری حکومەت پەک بخەن."
دوای ئەو پەیامەی مەسرور بارزانی؛ تیمی یەکێتی لە حکومەت راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "گلەیی و هەڵویستمان لە کردەوە و شێوازی ئیدارەدانی کابینەی نۆیەم هەیە."
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا؛ مەکتەبی سیاسیی پارتی "به ته‌واوی توانا" پاڵپشتی لە مەسرور بارزانی و کابینەکەی کرد و رایگەیاند، رێگەی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌رده‌وامیدانه به گفتوگۆ له كۆبوونه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران نه‌ك "خۆ په‌راوێزخستن و به‌كارهێنانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن."
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەر چوار حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین."
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، پارتی دەڵێت، زۆر هەوڵیان دا و پڕۆژەشیان هەبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام دواجار "بە ناچاری و لەپێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم [ هەرێمی کوردستان] بژارده‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانمان په‌سه‌ندكرد." دەشڵێت، خەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت چیدیکە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان پەک نەخرێت و لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات.
مەکتەبی سیاسیی پارتی داوا لە پەرلەمان دەکات ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر:
- هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن ئه‌وله‌ویه‌تی پێبدرێت لەگەڵ چه‌سپاندنی بابه‌تی چوار بازنه‌یی و به‌كارهێنانی تۆماری بایۆمه‌تری دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
- هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كارابكرێته‌وه و پۆسته بۆشاییەکانی نێو كۆمیسیۆن پڕبكرێنه‌وه.
- داوا له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین پێداویستییه ئیدارییەکان و بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌ڵبژاردن له‌م ساڵدا دابین بكات.
- داوا له به‌ڕێز سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به گوێره‌ی رێکارە یاساییه‌كان رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ده‌ستنیشان بكات.
- هه‌روه‌ها داوا له ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین پاڵپشت بن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2023 لەو واده یاساییەدا كه دیاریده‌كرێت.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی نێوا هەولێر و بەغدا. لەوبارەوە پارتی جەختی لە دروستکردنی پەیوەندیی "دروست و ئاسایی" لەنێوان هەردوو حکومەت "به‌گوێره‌ی مادده و بڕگه‌كانی ده‌ستوور بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه و گرفته‌كان كه ئێستا هه‌ن یا دێنه‌پێش له‌ڕووی یاسایی و سیاسی و شایسته داراییه‌كانەوە" کردەوە و رایگەیاند، "توندووتۆڵکردنی پەیوەندییەکان" خزمەت بە تەواوی خەڵکی عێراق دەکات.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات پێگری بە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بکرێت کە سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی نێو ئەو حکومەتە لەسەری رێککەتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ