رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت، داوای زیاتر لە 6 هەزار دۆنم زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران کردووە.
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان میوانی پۆدکاستی (مژار) بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، باسی لە ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کرد و گوتی، "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان ئامادەکاریی پێویست بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کراوە. لە هەندێک شوێن ژمارە بۆ زەوییەکانیش دیاریکراوە. هەموو رێکارێکی تەکنیکی و کارگێڕیمان گرتووەتەبەر".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت، بەرزان کەریم گوتی، دوای گەڕانەوەی ناوەکان لە وەزارەتی شارەوانییەوە تیروپشک دەکەن. گوتیشی، "لە سنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 6 هەزار دۆنم زەویمان داواکردووە بۆ ئەوەی تەرخان بکرێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت. دەمانەوێت هەموو فەرمانبەرێک لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندبێت و ئەو بابەتە نەکرێتە خاڵبەندی".
دابەشکردنی زەوی، پێویستی بە چەند رێکارێک هەیە وەک، کوژاندنەوە، ئیفرازکردن و قەرەبووکردنەوەی خاوەنی زەوییەکە. بەرزان کەریم گوتی، لیژنەیەک لە کشتوکاڵی گەرمیان پێکهێندراوە و بە هاوئاهەنگیی شارەوانیی سنوورە جیاوازەکان، کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.
شارەوانییەکانی کەلار، کفری، رزگاری، سەرقەڵا و پێباز لە سنووری شارەوانییەکانی گەرمیانن کە بڕیارە زەوییان تێدا دابەش بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ