رێبەر ئەحمەد: هیوادارین حکومەتی نوێی عێراق راستگۆ بێت و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات

17-11-2022
گۆڤەند مستەفا
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە سیاسی و حکومییە بکات کە لەلایەن هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رەزامەندیی لەسەر دراوە، هیواخوازیشە "حکومەتی نوێ راستگۆ بێت و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات."
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە "تاوەکو ئەو ساتەی کە پابەندبێت بە بەڵێن و ئەو رێککەوتنەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە."
 
لە میانی بەڕێوەچوونی پانێڵی "داهاتووی عێراق"، لە سێیەمین رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر باس لە داهاتووی عێراق بکەین، دەبێت باس لە پرۆسەی سیاسی و دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق بکەین، بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی حکومەتەکە. رەنگە هەست بکەین کە ئەو حکومەتە لە دەرئەنجامی نەشتەرگەرییەکی قەیسەری، دوای ئەوەی بە ئێش و ئازارێکی زۆر تێپەڕی و خەڵکی عێراق تەحەمولێکی زۆریان کرد و پرۆسەی سیاسی بۆ ماوەی ساڵێک دواکەوت، لە کۆتاییدا حکومەتێک دروستبوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسند کران."
 
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، ئەوەی کە ئەوان چ وەکو هاووڵاتییەکی عێراقی و چ وەکو هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو حیزبە سیاسییانەی کە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی، چاوەڕوانییان لەو حکومەتە "ئەوەیە، ئەوەی لەسەری رێککەوتوون جێبەجێ بکرێت. دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە سیاسی و حکومییە بکات کە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەدانی حکومڕانی لە عێراق رەزامەندیی لەسەر دراوە."
 
بە بڕوای وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عێراق لەڕووی سەرچاوەی مرۆیی و سرووشتییەوە "وڵاتێکی دەوڵەمەندە، پێویستە ئیدارەیەکی باشی ئەو سەرچاوانە بدرێت؛ چونکە لە عێراق تەنیا شتێک کە بوونی نییە، ئیدارەی سەرکەوتووە، ئەگەرنا هەموو شت لە عێراق هەیە."
 
رێبەر ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت جگە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، "لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک، چەند یاسایەک تێپەڕێنێت و چەند پرۆژەیاسایەک دابڕێژێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە. لەوانەش؛ ئامادەسازی بۆ گۆڕانکاری لە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی گشتی، زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، پێداچوونەوە بە یاسای دادگەی فیدراڵی، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان لەنێوان نەک تەنیا هەرێم و بەغدا، بەڵکو لە عێراق بۆ خۆی، چونکە تاوەکو ئێستا عێراق یاسایەکی نییە بەناوی نەوت و گاز، یاسایەک هەیە کە هی سەردەمی رژێمی پێشووە. سیستمی حکومڕانی لە عێراق گۆڕاوە بووەتە سیستمێکی فیدراڵی، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا لە عێراق بەو یاسایە کار دەکرێت."
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێیوایە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەوەیە، "عەقڵیەتێکی ناوەندی لە بەغدا هەیە، لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی کە لە سەردەمی رژێم داڕێژراون، ئێستا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت."
 
رێبەر ئەحمەد هیوای ئەوەشی خواست "حکومەتی نوێ راستگۆ بێت و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، لە هەمان کاتیشدا دەبێت هەموو لایەکمان پشتگیریی بەڕێز سوودانی بکەین، چونکە کەسێکی بەئەزموونە لە چەندین وەزارەت و دامەزراوەی جیاجیا کاری کردووە و پەرلەمانتار بووە، کەسێکە کە هیچ کینەیەک و تۆڵەیەکی بەرامبەر بە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستانیش نییە. بۆیە ئێمە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ سوودانی هەیە و ئەوپەڕی پشتگیریشی کراوە و پشتگیریشی دەکرێت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو ئەو ساتەی کە پابەندبێت بە بەڵێن و ئەو رێککەوتنەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زەوییەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

وەزارەتی شارەوانی: قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی فراوانتر و خێراتر دەستپێدەکەین

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان فراوانتر و خێراتر دەستپێدەکەن