رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی دواناوەندی رزگاریی کچان، یەکەمین قوتابخانەیە لە سلێمانی دەستیان بە پرۆسەی خوێندن کردووەتەوە، مامۆستاکانى قوتابخانەکەش دەڵێن، لە ژێر دوو جۆر گووشاردان، گوشارێک بێمووچەیى و ئەوى دیکەش هەڕەشە و تانە و تەشەر، تا ئەو رادەیەى لەسەر ئەو هەڕەشە و ترساندنانە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
نوور میران، قوتابیەکە لە لەو دواناوەندییە لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنەوە دەڵێت، "دەستخۆشى لە مامۆستاکانمان دەکەم کە هاتوونەتەوە و دەستمان بە خوێندن کردووە."
ئاڤى ئیحسان، قوتابییەکی دیکەیە گوتی، "سووپاس بۆ مامۆستاکانمان کە بە خۆبەخشانە هاتوون و دەست بکەینەوە بە پرسەیەکى گرنگ کە زانست و زانیارییە بۆ نەوەکانمان."
قوتابخانەی دواناوەندی رزگاریی کچان، لەگەڵ چوار قوتابخانەی دیکە لە سلێمانى دەوام تێیدا ئاسایی بووەتەوە، لەگەڵ زیاتر لە 20 قوتابخانە کە تەنیا پۆلى 9 و 12 دەخوێنن.
عەسەل جەمیل یەکێکە لە قوتابییەکان و گوتی، "قوتابخانەى تاڤگە، لە محەممەد قوودسى قوتابخانەى نزیکمانن و ئەوان داخراون."
لە سنوورى سلێمانى، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین لە 10 قوتابخانە هەموو پۆلەکانى کراونەتەوە بەڵام هێشتا نزیکەى لە سێ هەزار ناوەندى خوێندن لەو چوار ناوچەیە دەرگاکانیان داخراون.
لە هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى ئاب و حوزەیران دابەشنەکراوە، دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 نزیکبووەتەوە، بەشێک لە مامۆستایان مەرجى گەڕانەوەیان بەستووەتەوە بە وەرگرتنی دوو مووچە بەسەر یەکەوە، هەندێکیش دەڵێن، "مووچەیەکیش بدرێت
پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکەماندا دەکەین."
