لە مانگێکدا سێ کەس لە ورمێ بە یارییە ئاگرینەکان گیانیان لەدەستداوە

17-03-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە نزیکەی مانگێکدا 42 کەس بە یارییە ئاگرینەکان برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لە دەستداوە.

فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 19ـی شوباتی 2025ەوە تاوەکو 16ـی ئادار، لانیکەم 42 کەس بە یارییە ئاگرینەکان برینداربوون کە لە زۆربەیاندا زیان بەر دەست و چاویان کەوتووە یان سووتاون.
 
بەگوتەی فەرزین رەزازادە، هەر لەو ماوەیەدا لە پارێزگاکە سێ کەس بە یاریی ئاگرینەکان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فریاکەوتنی ئێران کە 16ـی شوبات بڵاوکرایەوە، لە مانگێکدا بەهۆی رووداوەکانی تایبەت بە چوارشەممەسووری و رێوڕەسمەکانی کۆتایی ساڵ، 485 کەس لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە یارییە ئاگرینەکان برینداربوون و 6 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئێوارەی سبەی سێشەممە، رێوڕەسمی سەرەکیی تایبەت بە چوارشەممەسووری بەڕێوەدەچێت کە هەموو ساڵ زۆرترین قوربانی لێدەکەوێتەوە.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی چوارشەممەسووری ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی هەتاوی و کوردی بەڕێوەدەچێت. ئەو بۆنەیە بە ئاگرکردنەوە و شاییکردن بەڕێ دەکرێت، بەڵام لە ساڵانی دواییدا تێکەڵ بە بەکارهێنانی یاریی ئاگرینی مەترسیدار کراوە و برینداربوون و گیانلەدەستدانی زۆری لێکەوتووەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە