رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێوارەی 20ـی مانگ لە هەموو شارەکانی هەرێمی کورد ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هاتنی گەشتیار لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە "نزیک بووەتەوە لە سفر".
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەلایەن پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە ئامادەکاری کراوە بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێوارەی 20ـی ئادار دا".
لەبارەی هاتنی گەشتیارەوە، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "بەهۆی رەمەزانەوە هاتنی گەشتیاری نێوەڕاست و خوارووی عێراق نزیک بووەتەوە لە سفر، بەڵام گەشتیاری بیانی زۆر دێن و ژمارەیەکیان تایبەت بۆ نەورۆزی ئاکرێ گەیشتوونەتەوە هەرێمی کوردستان".
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا بۆ جەژنی نەورۆز، شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رۆژانی پشوودا هۆتێل و میوانخانەکان بە رووی گەشتیاراندا کراوە دەبن".
شوکر عەزیز گوتیشی: "ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاری زۆر دەکەین، بەڵام بەهۆی مانگی رەمەزان و نزیکبوونەوە لە تاقیکردنەوەکان، پێناچێت گەشتیاری زۆر بێنە هەرێمی کوردستان".
هەروەها مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە رووداوی گوت: "ئامادەکاریی باش کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران؛ لە سلێمانی لە رێوڕەسمی فراواندا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و فێستیڤاڵی تایبەتیش بەڕێوەدەبرێت".
هاوکات شێخ ئیحسان عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "میوانخانە و رێستۆرانتەکان کراوە دەبن بۆ گەشتیاران. ئەگەر بەهۆی رەمەزانەوە چەند شوێنێک داخرابن، بۆ ئامادەکاری نەورۆز و جەژن هەموویان دەکرێنەوە".
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری. لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و لە سنووری دهۆک 210 هۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ