رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی سەرکۆنەی هێرشەکەی کۆبانێی کرد و دەڵێت، بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی دروستدەکات.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی دووشەممە، 17ی ئاداری 2025 لە راگەیێندراوێکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتەکەی، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باشووری شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانی کرد و داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکەن و بکەرانیان ئاشکرا بکەن.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە دەڵێت: ''هێرشەکە مافی ژیانی سڤیلەکان لە ناوچەکە پێشێل دەکات و بە ئاشکرا یاسا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پێ. بەئامانجگرتنی منداڵان، ژنان و خێزانە بێتاوانەکان، نیشانەی هزرێکی نامرۆڤانەیە''.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی نووسیویەتی: "لەکاتێکدا لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی کاتیی شام (دیمەشق) رێککەوتن واژۆ کراوە و بڕیاری فەرمی دژی هەموو جۆرە هێرشێک دراوە، ئەم رووداوە رێکەوت نییە. بەڵکو کردەیەکی بە ئەنقەستە کە گرژیی ناوچەکە زیاتر دەکات".
دەم پارتی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروستدەکەن و دەڵێت: ''ئەمە تەنیا هێرشێک نییە، بەڵکو پەیامێکی روونە بۆ لەناوبردنی ئومێدی ئاشتی." داوا لە دەسەڵاتی ئاکەپە دەکات، دەستبەجێ روونکردنەوە بدات.
هێزەکانی سووریای دیموکراست (هەسەدە) لە پەیامێکی تەلەگرامدا رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا لە دوا کاژێرەکانی شەوی یەکشەممە خێزانێکی جووتیاری لە باشووری کۆبانێ بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا نۆ کەسی یەک خێزان شەهید بوون و دوو کەسیش لە هەمان خێزان بریندار بوون.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکراست (هەسەدە)یە، لەلایەن تورکیاوە وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان سەیر دەکرێت.
ئەو هێرشانە لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی بەستنی کۆنگرە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ