بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ لەسێدارە درا

17-03-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەناوی محێدین ئیبراهیمی و پێنج هاونیشتمانیی دیکە، کە یەکێکیان ژنە، لەسێدارە دران.
 
محێدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە چوارشەممەوە لە بەندکراوانی دیکە جیا کرابووەوە و دوێنێ پێنجشەممە کەسوکاری بانگکرانە گرتووخانەی ورمێ بۆئەوەی بۆ دوایینجار چاویان پێی بکەوێت؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17-03-2023 لەسێدارە درا.
 
محێدین ئیبراهیمی 43 ساڵ، خەڵکی شاری شنۆ بوو، بە تۆمەتی چالاکیی دژ بە دەسەڵاتی ئێران و ئەندامێتیی لە حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
ئیبراهیمی کاسبکار بوو و لە 03-11-2017 و دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و بریندار کرا، دەستبەسەر کرا و مانگی ئابی 2018 لە دادگەی شۆڕشی ورمێ بە لەسێدارەدان سزا درا، بەڵام دواتر لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزاکەی هەڵوەشێندرایەوە. 
دواتر جارێکی دیکە دۆسیەکەی رەوانەی دادگەی شۆڕشی ورمێ کرایەوە و دیسان بە لەسێدارەدان سزا درایەوە و لە مانگی ئەیلوولی 2020 دیوانی باڵای دادوەریی ئێرانیش سزاکەی پەسند کرد.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سزای لەسێدارەدانی پێنج هاونیشتمانیی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە گرتووخانەی ورمێ جێبەجێ کرا.
 
بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نەسرین (نەسیم) نیازی، تەمەن 32 ساڵان و دانیشتووی شاری کەرەج کە پێشتر بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوو و لە بەشی ژنانی گرتووخانەی ورمێدا بوو، ئەمڕۆ لەسێدارە دراوە.
 
هەروەها سزای چوار بەندکراوی دیکەی کوردیش کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، ئەمڕۆ هەینی جێبەجێ کرا.
 
فروهەر عەباسنەژاد، محەممەد ئەیوبییان، جەهانبەخش رادلویی و یاسین رەشیدی کە خەڵکی ناوچەکانی سۆما و تەرگەوەڕی ورمێ بوون لەسێدارە دراون.
 
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن هاونیشتمانییەکی دیکەش بە ناوی حەسەن عومەری ئەمڕۆ لە گرتووخانەی ورمێ لەسێدارە دراوە، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
شەوی هەینی ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان و کەسوکاری ئەو بەندکراوانە لەبەردەم گرتووخانەی ورمێ گردبوونەوە و داوایان کرد، لەسێدارە نەدرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە