وەزیری سامانە سرووشتییەکان: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق دێنە هەولێر

17-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لابراون و مانگی داهاتوو هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-02-2025 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەمواری یاسای بودجە دوێنێ لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ کراوە و هیچ کێشەیەکی تەکنیکی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە."
 
لە کۆنفرانسەکەدا کەمال محەممەد گوتی، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، 23 مانگە هەر مانگەو کەمتر لە ملیارێک دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە. گوتیشی، "عێراقیش گەیشتە ئەو بڕوایەی زیانی گەورەی لە خۆی و هەرێمی کوردستانیش داوە، بۆیە هەموارکردنی بودجە پەسەند کرا."
 
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دێتە هەرێمی کوردستان و بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان سبەی دەستدەکەن بە کۆبوونەوەکانیان.
 
 
کەمال محەممەد ئاماژەی بە رۆڵی تورکیا لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد و گوتی، "رێکارە یاساییەکان تەواو بوون، بەڵام، رەزامەندیی لایەنی تورکیاشی دەوێت، چونکە نەوتەکە بەرەو تورکیا دەچێت."
 
"کارەبا دەبێتە 24 کاژێر"
 
کەمال محەممەد، کە هاوکات وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانە، لە وەڵامی پرسیاری فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداودا باسی لە پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ باشکردنی کارەبا کرد و گوتی، "بەگوێرەی پلانەکانمان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 24 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەبێت."
 
وەزیری کارەبا باسی لە پڕۆژەی رووناکی بۆ کارەبای 24 کاژیری کرد، کە ئێستا لە 12 گەڕەکی هەولێر و چەند شوێنێکی پارێزگاکانی دیکە جێبەجێ دەکرێت و گوتی، "بەهۆی پڕۆژەکەوە ئێستا 110 هەزار هاوبەشی کارەبا 24 کاژێر کارەبای نیشتمانییان پێ دەگات."
 
لەبارەی جیاوازی لە نرخی پارەی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، کەمال محەممەد گوتی، ئەوە هۆکاری پلانی کارپێکردنی موەلیدەی شارەکانە، شار هەیە کەمتر کار بە موەلیدە دەکات و هەیە زیاتر.
 
بە گوتەی وەزیری کارەبا، مانگی داهاتوو "چەندین" مێگاوات بەرهەمهێنان بۆ کارەبای هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت.
 
لەم وەرزەدا رۆژانە کەمتر لە 10 کاژێر کارەبای نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، وەزیری کارەبا هۆکارەکە گێڕایەوە بۆ خواستی زۆر و گوتی، "بەرهەمی کارەبا ئێستا چوار هەزار مێگاواتە، بەڵام خواست لەم وەرزەدا دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە