رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دادگاییکردنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نێردە نێودەوڵەتییەکان بووە

17-02-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان دەداتەوە و دەڵێت "تاوانباران بەپێی یاسای سزای عێراقی هەموارکراو سزادراون".
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، دوێنێ سێشەممە 16-02-2021 دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای بەسەر چەند کەسێکدا سەپاند و سزادانەکەیشیان بەپێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2003 بووە.
 
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، بەپێی ئەو بەڵگانەی داواکاری گشتی پێشکێشی کردبوون، "ئەو تاوانبارانە گرووپێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" پێکهێنابوو و هاوئاهەنگیی یەکدییان کردووە بۆ دانانی پلان "بە مەبەستی شێواندنی ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان. بەڵگەکانیش بریتین لە وێنەی چەند شوێنێک کە وێنەگرتنیان قەدەخەیە، پێدانی زانیاری بە سەرچاوەی نادیاری دەرەکی لەسەر جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، زانیاری لەسەر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و شوێنیان، وەرگرتنی بڕە پارە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر دەزگا ئەمنییەکان".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، یەکێک لە "تاوانبارەکان پیشەی رۆژنامەنووسیی بۆ ئامانجی سیاسی قۆستووەتەوە" و لەمیانی پرۆسەی دادگاییکردنەکەشدا یەکێکیان رایگەیاندووە، لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا لە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، دانی بە هەندێک شتدا ناوە، لەکاتێكدا نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەردانیان کردووە و هیچ نیشانەیەکی ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەیەوە نەبووە و خۆیشی سکاڵای تۆمارنەکردووە.
 
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی خستووەتەڕوو، بەپێی یاسای داواكاری گشتی ژمارە (49)ی ساڵی 2017، پێویستە داواكاری گشتیی ئەمن و ئاسایشی وڵات و بەرژەوەندییە باڵاكان و ماڵ و موڵكی هاووڵاتییان بپارێزێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی دادگاییكردنەكە زۆر بە شەفافی و بە کراوەیی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەكان، رێكخراوە لۆكاڵییە ناوخۆییەكان بەڕێوەچووە.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە دادگای تاوانەکانی هەولێر چەند کەسێکی بە شەش ساڵ زیندانی سزادا.
 
دەقی راگەیێندراوەکە
 
لە وەڵامی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان  (CPJ) نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: تاوانباران بەپێی یاسای سزای عێراقی هەموار كراو سزا دراون
 
دوێنێ دادگای تاوانەكانی هەولێر چوار كەسی سەر بە گروپێكی پێنج کەسی بە (6) ساڵ زیندانی سزادا، كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان رەخنەی لەم بڕیارەی دادگا گرت و داوای هەڵگرتنی ئەو تۆمەتانەی دەكاتە كە ئەو چوار كەسە پێی سزا دراون.
 
لەم بارەوە  نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی دەركرد ئەمە دەقەكەیەتی:
 
سەبارەت بەو سزایانەی كە رۆژی 16/2/2021 لە دادگای تاوانی دوو هەولێر دەرچوون بۆ چوار كەس، بەپێی ماددەی (125) ی یاسای ئەنجامدانی دادگاكان ژمارە (23)ی ساڵی 1971، سزا تێهەلچوونەوەی بۆ دەكرێ بۆ ئەوەی پێداچوونەوە و دووبارە هەڵسەنگاندنی كەیسەكە بكات بە گشتی لەوانەش وردبوونەوە لە بەڵگەكان و ئیفادەی گومانلێكراوان.
 
ئەم تاوانبارانە بەپێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە (23)ی ساڵی 2003  حوکمدراون. بەپێی ئەو بەڵگانەی داواكاری گشتی پێشكەشی كردوون ئەو تاوانبارانە گروپێكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەکان پێكهێناوە و هەماهەنگی یەكتریان كردووە بۆ دانانی پلان بە مەبەستی شێواندنی ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان، بەڵگەكانیش بریتین لە وێنەی چەند شوێنێك كە وێنەگرتنیان قەدەغەیە، پێدانی زانیاری بە سەرچاوەی نادیاری دەرەکی لەسەر جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، وە زانیاری لەسەر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی وە شوێنیان، و هەروەها وەرگرتنی بڕە پارە لە دەرەوەی هەرێم بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر دەزگا ئەمنییەکان. 
 
جگە لەم وێنانە هەبووە بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان و یەكێك لە تاوانباران ڤیدیۆی جموجوڵی پێشمەرگە و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان و چاودێری ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییەكان.
دوای كۆكردنەوەی ئەو زانیاریانە هەموویان ناردووە بۆ چەند رێكخراوێكی ناحكومی، یەكێك لە تاوانبارەكان پیشەی رۆژنامەنووسی قۆزتۆتەوە بۆ ئامانجی سیاسی، لە كاتێكدا خۆی ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نییە و لە دەزگایەكی راگەیاندنی دیاریكراودا كار ناكات.
 
یەكێك لە تاوانباران دانی بەوە ناوە لە گروپی ماسنجەر دەركراوە گوایە چالاك نییە، ئەم تاوانبارە پەشیمانی خۆی لە ئەنجامدانی كارەكە راگەیاندووە، چونكە بەپێی وتەكانی خۆی ئاگای لە وردەكارییەكانی كارەكانی ئەم گرووپە نەبووە.
 
لە میانەی پرۆسەی دادگایی كردنەكەدا تاوانبارێكیان رایگەیاندووە كە لەژێر ئەشكەنجەو  هەرەشە لە خۆی و ئەندامانی خێزانەكەی ئیعتیرافی كردووە لە كاتێكدا كە نوێنەری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەردانیان كردووە و هیچ نیشانەیەكی ئەشكەنجەدانی بەسەر نەبووە و خۆیشی سكاڵای تۆمار نەكردووە.
 
بەپێی یاسای داواكاری گشتی  ژمارە (49)ی ساڵی 2017 پێویستە داواكاری گشتی ئەمن و ئاسایشی وڵات و بەرژەوەندییە باڵاكان و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان  بپارێزێت.
 
سە بارەت بە پرۆسەی دادگایی كردنەكە زۆر بە شەفافی و بە کراوەیی وە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نێردە دبلۆماسییەكان، رێكخراوە لۆكاڵییە ناوخۆییەكان ئەنجامدرا.
 
نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٧/٢/٢٠٢١
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".