رووداو دیجیتاڵ قوتابیانی گوندی زارگەلی لە باڵەکایەتی، دوایین رۆژی خوێندنیان لەنێو کەرەڤانە و خانووی نالەباردا بەڕێکرد و ئەمڕۆ، دەرگای قوتابخانەیەکی نوێ و مۆدێرنیان بەروودا کرایەوە. قوتابخانە 9 پۆلییەکە، لەلایەن وەبەرهێنەرێکی کوردستانەوە بە تێچووی نزیکەی 600 ملیۆن دینار دروست کراوە و کراوەتە دیاری بۆ گوندەکە. ئەحمەد ڕێکانی، ئەو وەبەرهێنەرەی پڕۆژەکەی ئەنجام داوە، دەڵێت: "لە پەروەردەی سۆرانەوە داوایان لێکردین زەوییەکیان پێ بدەین، دواتر بیرۆکەکە گۆڕا بۆ ئەوەی قوتابخانەیەکیان بۆ دروست بکەین و سوپاس بۆ خوا توانیمان بیکەین." لە هەمان کاتدا، گەڕەکێکی شاری رواندزیش بووە خاوەنی قوتابخانەیەکی 12 پۆلی کە بە میرات و سامانی پیاوێکی کۆچکردوو، بە بڕی 340 ملیۆن دینار دروست کراوە. جیهان فەتاح، خێرخواز و کچی کۆچکردووەکە، دەڵێت: "گوتم من شتێک بە ناوی باوکمەوە دروست دەکەم، گوتیان وەرە نەخۆشخانە یان هۆڵێک دروست بکە، گوتم نەخێر، من قوتابخانەیەک دروست دەکەم لە رواندز، با ماڵی فێربوون و زانین و پەروەردە بێت." هاوکات، بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلیش لە سۆران دانرا، کە بە ناوی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، فرسەت سۆفی، ناونراوە و بەڵێنێکی ئەوە کە مردن مەودای نەدا خۆی جێبەجێی بکات. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، رایگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ بەردی بناغەکەیمان دانا، لە سبەینێوە دەست بە کارکردن تێیدا دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەکرێت. چەندین قوتابخانەی دیکەشمان هەن کە پارەیان بۆ تەرخان کراوە، بەتایبەت قوتابخانەی گوندەکان." لە سنووری ئیدارەی سۆران، کە 6 قەزا لەخۆدەگرێت، 662 قوتابخانە هەن، بەڵام بەشی زۆریان زیاتر لە 20 ساڵە دروست کراون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، لە تەواوی سنوورەکەدا تەنها 4 قوتابخانە دروست کراون، کە هەموویان لەلایەن ڕێکخراو و خێرخوازانەوە بووە.
کوردستان13-10-2026ئیلهام ئەحمەد بۆ رووداو: دەبمە پەرلەمانتار و چاوەڕێین نوێنەرانمان لە وەزارەتەکان پۆست وەربگرن
کوردستان13-10-2026ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: فێڵکردن لە گرێبەستی مامۆستا و کرێکارانی کەرتی تایبەت نادروست و حەرامە