رووداو دیجیتاڵ
12ـی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژینگەی هەولێر و دهۆک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و رایسپاردن بۆ جێبەجێکردنی چوار بڕیار. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، "ئێستا پاڵاوگەکان پابەندی رێنوێنییەکان دەبن". شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، ئەو کێڵگانەی سەوزەیان تێکداوە، کە بە ئاوی پیس ئاو دەدران.
ئەمڕۆ هەینی، 17-01-2025، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران، پاڵاوگە و کارگەکان زیاتر پابەندی رێنوێنییە ژینگەییەکان دەبن و لەو چوارچێوەیەدا بۆ کەمکردنەوەی دووکەڵ فلتەریان داناوە".
دڵشاد هیرانی ئاماژەی بەوەدا بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر سێ ژمارە مۆبایلیان کارا کردوون وەکو هێڵی گەرم و لەو رێگەیەوە هاونیشتمانیان سکاڵاکانیان گەیاندووە، ئەوانیش لیژنەکانی بەدواداچوونیان زیاتر کردوون.
ئەو سکاڵایانەی هاونیشتمانیان تۆماریان کردووە بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر، دژی دووکەڵی موەلیدەکان، سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل و دووکەڵی ئۆتۆمبێلە. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت: "ڤیدیۆی نزیکەی 16 ئۆتۆمبێلمان بۆ هاتووە کە ژینگە پیس دەکەن، ئێمەش بە فەرمی رادەستی هاتووچۆی دەکەین بۆ لێپێچینەوە".
هەروەها شەوی رابردوو سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، دوای بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران لیژنە پێکهێندراوە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵمەتێکیان بۆ تێکدانی ئەو کێڵگانە دەستپێکردووە کە بە ئاوی ئاوەڕۆ سەوزەیان تێدا دەچێندرێت.
هاونیشتمانیان دەتوانن پێشێلکارییە ژینگەییەکان لە هەولێر بگەیێننە ژینگەی هەولێر، چ لە رێگەی تەلەفۆنەوە بێت یان ناردنی دیمەن لە رێگەی ئەم ژمارانەوە: 07501859805 – 07501859808 - 07831239606
رۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد، کە بریتین لە:
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ