رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، زۆربەی رێگەی رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی بڕیوە و تەنیا بە 23 کورسی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؛ ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو لێکنزیکبوونەوەیە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، حیزبەکەی بە 39 کورسییەوە دەچێتە نێو دانوستاندنەکان.
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لە بووڵتەنی نیوەڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "لە کاری سیاسیدا ئەگەر پێویست بکات لەسەر 100 خاڵ رێکبکەوین، ئێمە و یەکێتی 80مان تێپەڕاندووە. ئەگەر پێشتر مەودای نێوانمان 100 کیلۆمەتر بووبێت، ئێستا بۆ 5 کیلۆمەتر کەمبووەتەوە."
بەرپرسی لقی 4ی پارتی رایگەیاند، پارتی لەسەر بنەمای واقیعی سیاسی دانوستاندن دەکات، "تەنیا لەگەڵ 23 کورسییەکەی یەکێتی مامەڵە دەکەین، نەک کورسیی دیکە؛ چونکە دەزانین یەکێتی تەنیا ژمارەی کورسی نییە، بەڵکو هێزی ئەمنی، پێشمەرگە، مێژوو و شۆڕشە."
یەکێتی: مەوداکان کەم نەبوونەتەوە و بە 39 کورسی دادەنیشین
لە بەرامبەردا عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەمان بووڵتەندا گەشبینییەکەی بەرپرسەکەی پارتی رەتکردەوە و گوتی، "نازانم ئەو 100 کیلۆمەترە چۆن بووە بە 5 کیلۆمەتر! چونکە لە دوای کۆبوونەوەکانی پێشووی لیژنەی دانوستاندن، هیچ دانیشتنێکی دیکەی فەرمی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە. بۆیە ناڵێم زۆر لێک دوورین، بەڵام پێشموانییە هەنگاوی لێکنزیکبوونەوە نرابێت."
سەبارەت بە ژمارەی کورسییەکانیش، عەباس فەتاح گوتی، "وەک سەرۆکی حیزبەکەمان کاک بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، یەکێتی بە 39 کورسییەوە لەگەڵ پارتی دادەنیشێت، ئەمەش بەپێی رێککەوتنمانە لەگەڵ نەوەی نوێ، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بڕیار لەسەر پڕۆژەیاساکان و پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ بدەین، کە شەراکەتی راستەقینەی تێدابێت و دوو زۆنی نەمێنێت."
دۆسیەی ئازادکردنی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە بوو. ئاری هەرسین ئاماژەی بەوە کرد، "ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان بە رێککەوتنی سیاسی بووە لەگەڵ یەکێتی بۆ سوودی سیاسی، نەک وەک ئازادبوونی نێڵسۆن ماندێلا لە ساڵی 1992."
لە بەرامبەردا عەباس فەتاح ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "یەکێتی نە زیندانی هەیە و نە پۆلیسی تایبەت؛ شاسوار عەبدولواحید بە بڕیاری دادوەر لە زیندان بووە، دوای تەواوبوونی حوکمەکەشی ئازاد کراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە رێککەوتنی سیاسییەوە نییە."
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی رێککەوتنی لایەنەکان و پێکهێنانی خێرای کابینەی نوێن، تاوەکو دۆخی ئابووری، بازاڕ و کێشەی مووچە چارەسەر بکرێن.



