لە کەرکووک رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت 72.2٪ـە

16-12-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
دەنگدانی تایبەت لە کەرکووک
دەنگدانی تایبەت لە کەرکووک
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 07:00ـی بەیانی، بنکەکانی دەنگدان لە کەرکووک کرانەوە،57 هەزار و 330 کەس دەنگدەری تایبەتن لە سنووری پارێزگای کەرکووک کە سەرجەمیان لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشن، لە 26 بنکە و 135 وێستگە پرۆسەکە دەستیپێکرد.
 
یەکەم دەنگدەر کە دەنگی لەبنکەیەکی گەڕەکی عەرەفە دا، دوای هاتنە دەرەوەی لە وێستگەی دەنگدان داوایکرد لە رۆژی 18ـی 12-2023 کورد بەلێشاو روو لە بنکەکان بکەن و بەشداری بکەن. 
 
بەگوتەی عەبدولباست دەروێش، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە کەرکووک، 72.28٪ بووە. 
 
ئەنوەر مەنسوور، پۆلیسە لە کەرکووک و دەڵێ "من، وەک یەکەم کەس هاتمە ژوورەوە و دەنگی خۆم دا بۆ کورد، لای ئێمە جیاوازیی نییە هەرکەسێک بێت، داوا دەکەم لە دانیشتووانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، هەر کەرکووکییەک هەیە، رۆژی دووشەممە بگەڕێتەوە، دەنگی خۆی بدات.''
 
فەلاح حەسەن، پۆلیسە لە کەرکووک، باسی ئەوە دەکات بە ئاسانی دەنگی داوە، دەڵێ "دەمەوێت یەک کورد لە ماڵەوە نەمێنێت، هەمووی بچن دەنگ بدەن."  
 
بەگشتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کێشە و بەربەستێکی ئەوتۆی نەهاتەبەردەم، بەگوتەی چاودێرانی سیاسی کەمترین پێشێلکاری تۆمارکراون.
 
چاودێرێکی یەکێتی دەڵێ "تەنیا ئەوە نەبێت هەندێک لە بەربژێرەکان لە نزیک بنکەکانی دەنگدان بانگەشەیان کردووە" و، لەسەر ئەوە سکاڵایان کردووە.
 
خەلیل رەحیم، چاودێری سیاسیی یەکێتی بە رووداوی گوت "تەنیا یەک پێشێلکاری هەبوو، ئەویش کاندیدێکی لیستی هاوپەیمانیی عرووبە بوو، کە هاتە ناوەندی دەنگدانەکە ئەویش باسی لەوە کرد خۆی دەنگدەری تایبەتە."
 
بەهۆی ئەو سەرنج و تێبینییانەی لایەنی عەرەب و تورکمان لەسەر نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆن هەیانە، ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن لە بەغداوە دادوەرێکیان بۆ کەرکووک ناردووە و سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات.
 
دادوەر حوسێن عەبدولسادە رایگەیاند "دەرگایان بەڕووی چاودێرانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووەتەوە بۆ رۆژی دەنگدانی گشتی بێنە کەرکووک. هەروەها گوتی "ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ هەڵبژاردنی 18ـی مانگ، وەک بینیتان رێژەی بەشداری بەشێوەیەکی زۆرە، ژمارەیەکی زۆری چاودێری نێودەوڵەتی، لایەنەکان، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندن تۆمارکراون.''
 
لە کەرکووک 868 هەزار و 901 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 245 کەس خۆیان بەربژێر کردووە کە کێبركێی بەدەستهێنانی 16 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن، یەکێک لە کورسییەکانیش تایبەتە بە کۆتای مەسیحییەکان.
 
زیاتر لە 10 هەزار کارمەندی کۆمیسیۆن لەماوەی رابردوودا راهێنانیان کردووە لەسەر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، دەنگدانی ئەمڕۆش بەشێکی ئەو ئەزموونە بوو تاوەکو بتوانن هەڵبژاردنی گشتی سەرکەوتووانە بەڕێوەببەن، لەکاتێکدا ئەم سیستەمە، تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە