رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان رایگەیاند، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندێکی سەر سنووری برادۆستیان کردووە و بەهۆیەوە ئافرەتێکی تەمەن 30 ساڵ بریندار بووە.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:45 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022 سوپای تورکیا کوێستانی رۆبیەیان لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان تۆپباران کرد و "ئافرەتێک بەناوی شەرمین ئەسعەد کە تەمەنی 30 ساڵە و مەڕدار بووە، لە کوێستانەکە ساچمەی تۆپی بەرکەوتووە و بریندار بووە."
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان ئاماژەی بەوەش کرد، برینی ئافرەتەکە سووک بووە و لە سیدەکان چارەسەری بۆ کراوە.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردو تائێستاش بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا تاوەکو رۆژی 13-10-2022 گیانلەدەستدانی 418 گەریلا و کوژرانی 61 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 113 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 127 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ