رووداو - دیجیتاڵ
دوو ساڵ لەمەوبەر ئاژەڵداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان گڕوتینێکی هەبوو؛ ئەوکات زۆرکەس، تەنانەت لە شارەکان روویان لە گوندەکان کردەوە، تاوەکو لەو بوارەدا سەرمایەگوزاری بکەن. مەڕوماڵات هەناردە دەکران و ئەمەش بازاڕی خۆشکردبوو، بەڵام حکومەت بۆئەوەی گۆشت گران نەبێت، هەناردەی قەدەخەکرد.
مەنسور پووریان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دابینکردنی گۆشتی ئێران دەڵێت "دەیانگوت بە هەناردەی مەڕوماڵات گۆشت گران دەبێت، بەڵام پێموایە ئەم دوو شتە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە، چونکە ئەو مەڕوماڵاتەی هەناردە دەکرێت، ماڵاتی ورد نییە و لە بازاڕی ناوخۆدا کڕیاری نییە".
ئە بڕیارە زەرەر و زیانی بە ئاژەڵداران گەیاندووە، بۆیە چالاکڤانانی ئەو بوارە داوادەکەن قەدەخە هەڵگیرێتەوە. بەهرام خانی، جێگری رێکخراوی کشتوکاڵی کرماشان دەڵێت "ئەگەر هەناردە ئازاد نەکرێت، نە تەنیا ئاژەڵدارەکان زەرەر دەکەن و لە بەخێوکردنی ئاژەڵ بێمەیل دەبن، بەڵکو ئەو بازاڕانەش لەدەستدەچن کە مەڕوماڵاتی زیندوویان بۆ هەناردە دەکرا".
وەکو مەنسور پووریان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دابینکردنی گۆشتی ئێران دەڵێت "ئێستا لە بەشی ئاژەڵی سووک دەتوانین سێ ملیۆن سەر هەناردە بکەین، بەتایبەت لە بەشی پەروار، ئەمانە ئەگەر هەناردە بکرێن، هەم پارەیەکی باش دەگەڕێتەوە و هەمیش یارمەتی باشتربوونی بازاڕی ئاژەڵی سووک دەکات. هەروەها دەتوانین 200 هەزار گوێلکیش هەناردە بکەین".
لە دوو ساڵی رابردوودا نرخی مەڕوماڵات بەپێی هەڵاوسان گران نەبووە، بەڵام نرخی ئالیکی ئاژەڵ و دەوا و دەرمان زۆر گران بووە.
خاوەن ئاژەڵێک دەڵێت "بەرهەمهێنانی شیر سێ هەزار و 600 تمەن تێچووی هەیە، بەڵام بە سێ هەزار تمەن لێمان دەکڕن، ئەمساڵ دوو هەزار تۆن وێنجەم کڕیوە، گەنمەشامیش هەروا، کێشەی ئێمە دابینکردنی ئالیکە، چەندین مانگە بۆ دابینکردنی سۆیا کێشەمان هەیە".
محەممەد تەقی نەقدعەلی، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت "80%ی خۆراکی ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، لە 18 ملیۆن تۆن دوو سێ ملیۆنی بەرهەمی ناوخۆیە، هەروەها بنەمای ئاژەڵداریی ئێمە، بۆ نمونە ئالیک، تەنانەت دەرزی و دەرمان، بەشی زۆری هاوردە دەکرێت. ئەمانە لە ساڵانی رابردوودا زۆر گران بوون".
هەڵبەت لە ساردیی بازاڕی مەڕوماڵاتدا کێشەی دیکەش هەیە، بەهرام خانی ئاماژە بەوە دەکات "داخرانی میوانخانەکان، رێستۆرانتەکان، رێوڕەسمەکانی شایی و ماتەمینەکان و کەمبوونی گەشتوگوزار بەهۆی کۆرۆناوە کاریگەرییان هەیە".
بەشێکی بەرچاوی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ژیانیان گرێدراوی ئاژەڵدارییە، بوارێک کە لەگەڵ کێشە زۆر بەرەوڕووە.


