رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی پێشەنگیی وان لە نانی بەیانی و مانەوەی لە کتێبی گێنس، رۆژی یەکشەممە 7-6-2026 بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 12 ساڵە پێشەنگییان لە ئەمریکا وەرگرتووەتەوە و لە کتێبی گێنس تۆمارکراون.
نانی بەیانیی وان کە ساڵی 2014 پێشەنگیی لە ئەمریکا وەرگرتەوە و لە کتێبی ژمارەپێوانەییەکانی جیهان (گینس) تۆمارکرا، لە 2019ـەوە هەموو ساڵێک لە یەکەم یەکشەممەی مانگی حوزەیراندا لە رێی چالاکییەکانی رۆژی جیهانیی نانی بەیانییەوە ئاهەنگی پیرۆزبایی و ناساندنی بۆ ساز دەکرێت.
نانی بەیانیی وان دەیان تامی خۆماڵی و کوردەواریی هەیە کە هەر لە پەنیری گیاییەوە بگرە تاوەکو مورتوغا و چەندین جۆری دیکە؛ پێگەی شارەکەی لەڕووی گەشتیاری، کولتوور و خۆراکەوە بەهێزتر کردووە.
ساڵی 2019 بە بڕیارێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، یەکەمین یەکشەممەی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە (رۆژی جیهانیی نانی بەیانی) دیاریکرا.
دوای ئەو بڕیارە، لە رێگەی ئەو چالاکییانەی لە شارەکەدا رێکدەخرێن، نانی بەیانیی وان لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بە خەڵکێکی زۆرتر دەگەیێنرێت.
رۆژی شەممە، 6-6-2026، نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وانی باکووری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکی زۆر باش کراوە و یەکشەممە 7-6-2026 رۆژی پیرۆزکردنی پێشەنگیی وانە کە لە کتێبی گێنس تۆمارە و لە 2014ــەوە یەکەمی جیهانە.
تەکڤا هەروەها گوتی:"نانی بەیانیی وان مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و ئێستا بەوپەری شانازییەوە بە جیهانی دەناسێنین. ماوەی حەوت ساڵە ئەو ئاهەنگ و پیرۆزباییە سازدەکەین. رۆژی یەکشەممە پیرۆزباییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەدەچێت. ئێمە بەوجۆرە پارێزگاری لە دەستکەوتە کولتوورییەکانمان دەکەین و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ ئەو بەهایە بۆ ئایندە دەگوازینەوە".
"ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراون"
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان لیستی بەشداربووانی هەرێمی کوردستانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد کە بەگوێرەی ئەو لیستە 21 بەرپرس لە سنووری هەولێر، 13 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک و 12 بەرپرس لە سنووری ئیدارەی سۆران بە فەرمی بانگهێشت کراون بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاهەنگی پێشەنگیی نانی بەیانیی واندا بکەن و ئەوان رۆژانی شەش و حەوتی مانگ لەوێ دەمێننەوە.
پارێزگارەکانی هەولێر و دهۆک بەشدار دەبن
لە نێو ئەو بەرپرسانەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر؛ کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر؛ دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتیاری؛ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ قایمقامی قەزاکانی خەلیفان، مێرگەسۆر، رواندز و سیدەکان هەن.
"لە نانی بەیانیدا یەکەمین و هیچ وڵاتێک بوێریی رکابەرایەتیی وانی نییە"
رووداو پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا هیچ وڵاتێک هەیە هەوڵبدات کە نانی بەیانیدا ژمارە پێوانەییەکە بشکێنێت؟ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان گوتی:"نەوەک هەوڵ بدات یان بێتە پێشەوە، هێشتا هیچ وڵاتێک ئەو بوێرییەی لە خۆیدا نەدۆزیوەتەوە. چونکە وان پایتەختی نانی بەیانییە و بە زیاتر لە 20 بەرهەمی خۆماڵی خوانی بەیانی دەڕازێنێتەوە".
تەکڤا هەروەها باسی ساڵی 2014ــی کرد کە وان ژمارەی پێوانەیی لە ئەمریکا سەندەوە و لە کتێبی گێنسدا خۆی تۆمارکرد، هەروەها گوتی:"وان لە خوانی بەیانیدا بووە پێشەنگی جیهان. وان لە فێستڤاڵێکدا بە بەشداریی 51 هەزار و 793 کەس چووە نێو کتێبی گینسەوە. پێشتر ئەمریکا خوانێکی بەیانیی بە بەشداریکردنی 18 هەزار و 941 کەس ژمارە پێوانەییەکەی تۆمارکردبوو. لەکاتێکدا ئەمریکا لە خوانی بەیانیدا زۆر لە دوای وان دێت و چەند بەرهەمێکی سنوورداری هەیە".
بەشێک لەو بەرهەمانەی خوانی نانی بەیانیی وانیان دەوڵەمەند کردووە:
پەنیری گیایی
هەنگوینی کاڕاکۆڤان
قەیماغ
مورتوغا
کاڤوت
جاجکی وان
رۆنەکەرەی سروشتی
مرەبای گوڵ
تەحین و دۆشاو
پەنیر
زەیتوون
هێلکە بە شێوازە جیاوازەکان
نانی تەندور




