رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای کۆڤانجلاری سەر بە پارێزگای خارپێت لە باکووری کوردستان، بارانی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو. رێگەی سەرەکیی نێوان خارپێت و دێرسم لە هەردوو ئاراستەوە داخرا و هاونیشتمانییەکیش کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا گیری خواردبوو، لەلایەن تیمەکانەوە رزگار کرا.
رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، لە قەزای کۆڤانجلار بارانێکی بەخوڕی لەناکاو باری و بەهۆی خێرایی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو پارێزگاکە بە تەواوی پەکیکەوت. لافاوەکە زیانی زۆری بە زەوییە کشتوکاڵییەکان، یەکە نیشتەجێبوونەکان، شوێنکار و چەند فەرمانگەیەکی حکومی گەیاندووە؛ هەروەها زیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش گەیشتووە.
بەهۆی داخرانی رێگەکەوە، هاونیشتمانییەک لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ئاوی لافاوەکەدا گیری خوارد. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی فریاگوزاری و گەڕان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیس، جەندرمە و کارمەندانی تەندروستی رەوانەی ناوچەکە کران. دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکان، توانییان ئەو کەسە بە سەلامەتی رزگار بکەن و بۆ پشکنینی پزیشکی گواسترایەوە.
ئێستا هەوڵی تیمەکان بۆ کردنەوەی رێگاکە بەردەوامە تاوەکو چیدیکە هاتووچۆی شۆفێران پەک نەکەوێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا رایدەگەیێنێت کە پێشبینی دەکرێت ئەم کەشوهەوایە بۆ ماوەی 2 رۆژی دیکە بەردەوام بێت و هۆشداریی تووند دەداتە هاونیشتمانییان بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچە نزمەکان. یەکێک لە ئەندامانی تیمەکانی فریاگوزاری بە رووداوی گوت: "ئێمە ئێستا لە قۆناخــی پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکەداین."


