کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لە رووماڵی رووداوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان

16-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
وێنەی ئامادەبووانی رێوڕەسمی پێشاندانی شێوازی رووماڵ و بەرنامەکانی رووداو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
وێنەی ئامادەبووانی رێوڕەسمی پێشاندانی شێوازی رووماڵ و بەرنامەکانی رووداو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان، ستایشی پلان و ئامادەکارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو-یان کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵی ئەمریکا لە هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەو دیبەیتەی کە پێشبینی دەکرێت لە بەرنامەکانی رووداودا بکرێت، بەشێكی گرنگ دەبێت لە وەرزێکی سەرکەوتووی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، ئەوەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیموکراسییەتێكی کارا لە هەرێمەکە.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان؛ تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری هەولێر شێوازی رووماڵ و بەرنامەکانی بۆ هەڵبژاردن راگەیاند.
 
ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان: ئەو جۆرە دیبەیتانە هانی گفتوگۆی سیاسی دەدەن
 
ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا، لە رێوڕەسمی ناساندنی پلان و بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، رایگەیاند: "ئەو گفتوگۆ و دیبەیتەی کە پێشبینی دەکەم لەو بەرنامە تەلەفزیۆنییەی رووداو بکرێت، بەشێكی گرنگ دەبێت لە وەرزێکی سەرکەوتووی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، ئەوەش بە راستی بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیموکراسییەتێكی کارا. ئەو جۆرە دیبەیتانە هانی گفتوگۆی سیاسی دەدەن و دەرفەت دەدەنە بەربژێران تاوەکو باس لە کاری پێشینەیان بکەن و هانی هاووڵاتییانیش دەدەن بەشداری پرۆسەکە ببن و دەنگ بدەن."
 
کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر باس لە گرنگی دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لەلایەن رۆژنامەڤانان لەکاتی رووماڵەکاندا دەکات و رایدەگەیەنێت: "بە دڵنیاییەوە ئەو رووماڵەی کە میدیا بۆ هەڵبژاردنەکان دەیکات، ئامرازێكی گرنگە لە دابینکردنی زانیاری بۆ خەڵک، بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوەی ئەو میدیایە کاریگەر بێت و کاری خۆی بە درووستی بکات، پێویستی بەوەیە بەربژێران یەکسان و دادپەروەرانە دەستیان بە زانیاری بگات، مافی هەموو کەسێک لە گەڕان و گەیشتن بە زانیاری هێندە بابەتێكی گرنگە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 28ی ئەیلوولی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جیهانیی گەیشتن بە زانیارییەکانی دیاری کردووە و میدیا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرچاوروونکردنی خەڵک لە بارەی بەرژەوەندییەکانی، بەڵام بۆ ئەوەی بەو کارە هەڵسێت پێویستە ئازادانە بتوانێت بەدوای زانیارییەکاندا بگەڕێت."
 
کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەدرێژەی قسەکانیدا هیوای خواست رووماڵکردنێکی هاوبەش بۆ هەموو هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ببینن و هیچ هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە رۆژنامەڤانانی میدیایەکی دیاریکراو نەبێت.
 
گوتیشی، ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لە ژینگەیەک دەکات، کە تێیدا هەموو رۆژنامەڤانان بتوانن بەبێ ترس، جیاکاری و هەراسانکردن کار بکەن و پاڵپشتی لەوەش دەکات، یاسای رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت.
 
دەقی گوتارەکەی: 
 
ئێوارەتان باش، هاوڕێ و میوانە بەڕێزەکان. سوپاسی رووداو دەکەین بۆ بانگهێشتکردن و پێدانی ئەم دەرفەتە تاوەکو چەند قسەیەک بکەین و بەشداربین لە دەستپێکردنی ئەم بەرنامەیە بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ. ئەو گفتوگۆ و دیبەیتەی کە پێشبینی دەکەم لەو بەرنامە تەلەڤزیۆنییەی رووداو بکرێت، بەشێكی گرنگ دەبێت لە وەرزێکی سەرکەوتووی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ئەوەش بەڕاستی بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیموکراسییەكی کارا. ئەو جۆرە دیبەیتانە هانی گفتوگۆی سیاسی دەدەن و دەرفەت دەدەنە بەربژێران تاوەکو باس لە کاری پێشینەیان بکەن و هانی هاووڵاتییانیش دەدەن بەشداریی پرۆسەکە ببن و دەنگ بدەن، هەر وەک من پێشبینی دەکەم هاوشێوەی هەڵبژاردنەکەی هەرێمی کوردستان کە ئەم پاییزە دەکرێت، لە ئەمریکاش هەڵبژاردن دەکرێت. 

هەر وەک باس کرا، هەردوو بەربژێری سەرۆکایەتی ئەمریکا سەر بە دوو پارتی سەرەکی وڵات دیبەیتێكی تەلەڤزیۆنییان کرد، کە دەرفەتێک بوو بۆیان تاوەکو پلان و کاری پێشینەی خۆیان بخەنەڕوو، ئەو دیبەیتە لەلایەن هەموو میدیایەکی گەورە و دیاری ئەمریکاوە رووماڵکرا و رێگەی بە دەیان ملیۆن ئەمریکی دا باشتر لە هەڵوێستی هەردوو بەربژێرەکە تێبگەن.

بە دڵنیاییەوە ئەو رووماڵەی کە میدیا بۆ هەڵبژاردنەکانی دەکات، ئامرازێكی گرنگە لە دابینکردنی زانیاری بۆ خەڵک، بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوەی ئەو میدیایە کاریگەربێت و کاری خۆی بە دروستی بکات، پێویستی بەوەیە بەربژێران یەکسان و دادپەروەرانە دەستیان بگاتە زانیاری، مافی هەموو کەسێک لە گەڕان و گەیشتن بە زانیاری هێندە بابەتێكی گرنگە کە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 28ی ئەیلوولی هەموو ساڵێکی دیاریکردووە بە رۆژی جیهانی گەیشتن بە زانیارییەکان و، میدیا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرچاوروونکردنی خەڵک لە بارەی بەرژەوەندییەکانی، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، پێویستە ئازادانە بتوانێت بەدوای زانیارییەکاندا بگەڕێت. 

لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە بەربژێران رکابەری بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکان دەکەن، کە بەشێکی زۆری لە رێگەی خستنەڕووی بیروبۆچوونەکانیان لە میدیادا دەبێت. ئێمە بەهیواین کە رووماڵکردنێکی هاوبەش بۆ هەموو ئیڤێنتەکانی هەڵبژاردن ببینین و هیچ هەوڵێک بۆ رێگریی لە رۆژنامەڤانانی میدیایەکی دیاریکراو نەبێت.

دەمەوێت لێرەدا ئەو هەلە بقۆزمەوە بۆ باسکردن لەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لە ژینگەیەک دەکات کە تێیدا هەموو رۆژنامەڤانان بتوانن بەبێ ترس و جیاکاری و هەراسانکردن کار بکەن و، پاڵپشتی لەوەش دەکات یاسای رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت. 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پاڵپشتیکردن لە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری عێراق. هەروەها ئێمە بەهیواین کە ببینین پڕۆسەی دیموکراسی لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوام دەبێت کاتێک کە لە 20ـی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. 

زۆر سوپاس. 
 
 
 
ئه‌ندرۆ بيزڵى، كۆنسووڵى گشتيى بەریتانیا لە هەولێر: رۆژنامەڤانان یارمەتی کۆمەڵگە دەدەن بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکان
 
لە درێژەی گوتارەکانی نوێنەرانی وڵاتانی زلهێز لە ئیڤێنتە تایبەتەکەی رووداو، ئه‌ندرۆ بيزڵى، كۆنسووڵى گشتيى بەریتانیا لە هەولێر، سەبارەت بە رۆڵی میدیای بێلایەن و پیشەگەر لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن رایگەیاند: "ئەم پرۆسەیە هەمووی بە گواستنەوەی هەواڵ و رووماڵکردنێكی بێلایەن و سەربەخۆ بەستراوەتەوە تاوەکو بتوانرێت زانیاری متمانەپێکراو بخرێتە بەردەستی هەمووان و بەربژێر و پارتەکان خۆیان بە بەرپرس بزانن لە ئاست ئەو قسە و کارانەی دەیانکەن، میدیا رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە رێگریی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکاری و گەیشتنی خەڵک بە راستییەکان".
 
نوێنەری بەریتانیا لە هەولێر، جەخت لە رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێ: "دەمەوێت باسی ئەو رۆڵە بکەم کە میدیا نەریتییەکانی وەکو رووداو بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەیگێڕن لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست و هەراسانکردن."
 
دەقی گوتارەکەی:
 
زۆر سوپاس بۆ بانگهشێتکردنم. ئێوارەی رۆژی شەممە بەشداریم لە کردنەوەی مۆنۆمێنتێک لە پارکی ئازادی لە سلێمانی کرد، لەوێ ناوی هەموو ئەو رۆژنامەڤانانە دیاریکرابوو، کە لە ساڵی 2003ـەوە لە عێراق کوژرابوون، بەداخەوە لەنێویاندا رۆژنامەڤانانی رووداویش هەبوون. بۆ من ئەو مۆنۆمێنتە بیرهێنانەوەی ئەو رۆڵە گرنگەی رۆژنامەڤانان و میدیا بوو کە لە کاتە سەختەکاندا دەیگێڕن. رۆژنامەڤانان پابەندن بە گەڕان بەدوای راستییەکان و بەشێوەیەکی راستگۆیانە کار دەکەن و خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکەن؛ دوای ئەوەی گەشتەکەم تەواو کرد و هاتمەوە هەولێر، بیرم لەوە کردەوە کە ئەو تایبەتمەندیانەی رۆژنامەڤان لەنێو میدیا و لەکاتی هەڵبژاردن و لە پڕۆسەی دیموکراسیش دا چەندە گرنگن. ئێمە لە شانشیشی یەکگرتووی بەریتانیا ئەم ساڵ لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا و لە هەڵبژاردنەکانی دیکەی جیهان ئەوەمان بینی. 

دەمەوێت تیشک بخەمە سەر بەشێک لەو تایبەتمەندیانەی کە رۆژنامەڤان هەیانە، رۆژنامەڤانان و میدیا بەگشتی کار لەسەر بڵاوکردنەوەی راپۆرتی بێلایەنانە و سەربەخۆ دەکەن، زانیاری متمانەپێکراو بڵاودەکەنەوە و دڵنیایی دەدەن لەوەی هەموو بەربژێرەکان و پارتەکانیان بەرپرسیارن لەوەی کە دەیڵێن و لەو شتانەش کە دەیانکەن. میدیا و رۆژنامەڤانان یارمەتی کۆمەڵگە دەدەن بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکان و لە هەمووشی گرنگتر هەموو ئەو زانیارییە ناڕاستانە راستدەکەنەوە، کە بڵاودەبنەوە. 

هەروەها سیاسییەکان، بەربژێرەکان و کەسایەتییە حکومییەکان بە دابینکردنی دەستڕاگەیشتنی هاوبەش بۆ میدیا و رۆژنامەڤانان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و نابێت تەنیا دەرفەت بە لایەنێکی دیاریکراو و میدیای لایەنێک بدەن. رۆڵی میدیا تەنیا چاودێریکردنی بەربژێرەکان نییە، بەڵکو میدیایەکی چالاک رۆڵێکی زۆر گرنگی لە چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دا هەیە، کە بڕوابەخۆبوون بۆ دەنگدەران دروست بکات. هەربۆیە هەموو ئەو رۆڵانەی کە میدیا و رۆژنامەڤانان دەیگێڕن بۆ ئەوەیە یارمەتی دەنگدەران بدەن، کە بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بکەن یاخود نا، هەروەها یارمەتی دەنگدەران دەدات لەبارەی شێوازی دەنگدانیان. 

دەمەوێت باس لە لایەنێکی دیاریکراو لە رۆڵی میدیا بکەم، زۆر دڵخۆش  بووم کە گوێم لە کاک ئاکۆ بوو باسی ئەو بابەتەی کرد، ئەویش بریتییە لە میدیایەکی فروانتر و سۆشیالمیدیا لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دا. شانبەشانی میدیای نەریتی، ئێستا سۆشیالمیدیا لە جیهان دا رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت و یارمەتی سیاسییەکان دەدات بۆ ئەوەی راستەخۆ لەگەڵ خەڵک بەریەککەوتنیان هەبێت. ئەوەی ئێمە بینیومانە و لە تەواوی جیهانیش هەر وایە، ئەوەیە کە لەپاڵ رۆڵی سۆشیالمیدیا، هەراسانکردن لە رێگەی تۆرەکۆمەڵایەتییەکانیش دەبیندرێت، لەنێویاندا لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، کە تێیدا بەربژێرێک دەکرێتە ئامانج، یاخود لە رێگەی سۆشیالمیدیاوە زانیاری ناڕاست لەبارەی بەربژێرەکان بڵاودەکرێتەوە، هەروەها ئەوەی ئێمە بینیومانە ئەوەیە کە بەربژێرە ژنەکان دەکرێنە ئامانج، وێنەی ساختە و چیرۆکی ساختەیان بۆ دروست دەکرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی تێکدانی هەمەچەشنی سیاسی و بەشێوەیەکی فروانتر کوالێتی هەڵبژاردنەکان تێکدەدات. ئێمە لە بەریتانیا زۆر دڵخۆشین، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی خۆی راگەیاندووە بۆ ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت لەسەر ئەو پرسە دروست بکات، بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی بهاوێژێت بۆ چاودێریکردن و کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن روودەدەن.

بە بۆنەی ئەوەی کە لێرە باسی میدیا دەکەین، دەمەوێت باسی ئەو رۆڵە بکەم کە میدیا نەریتییەکانی وەکو رووداو بۆ بەرژەوەندی گشتی دەیگێڕن لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕاست و هەراسانکردن. هەروەها رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕاست و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی مەترسییەکانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن کارێکی ئاسان نییە، هەربۆیە هانی رووداو دەدەم و داوا دەکەم کە لەوجۆرە چالاکییانە بەشداری بکات. 

زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردم و هیوای بەختێکی باشتان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دا بۆ دەخوازم.
 
 
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو: لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن رووداو بەشێک دەبێت لە گفتوگۆیەکی شارەزایانە
 
لەچوارچێوەی رێوڕەسمی پێشاندانی شێوازی رووماڵ و بەرنامەکانی رووداو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "تۆڕی میدیایی رووداو لە پەرۆشی خەڵکەوە بۆ ئارامی، بڕیاریداوە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێک بێت لە گفتوگۆیەکی شارەزایانە. رووداو هانی بەربژێران دەدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێویستییەکانی هاونیشتمانیان لە خولی داهاتووی پەرلەماندا. بۆ ئەوەی بە یاسادانانی شارەزایانە و پێویست، هەروەها بە چاودێریکردنێکی لێهاتووانە، پەرلەمانێکی بەهێز دروست بکەنەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەکرد: "رووداو دەنگ و حیزبە جیاوازەکان پێکەوە دەخاتە نێو دیبەیتکردنێکی شارەزایانەوە نەک رووبەڕووبوونەوەی بێ ئەنجام. چونکە گەلی کوردستان دەیەوێت پەرلەمانێکی بەهێز و بە توانا و شارەزای هەبێت. ئەوەش پێویستییەکی گرنگی درێژەپێدانی پێشکەوتنی کوردستان و دابینکردنی داواکانی گەلی کوردستانە. هەر ئەوەشمان زۆر بە جوانی و رێکوپێکی لە گەنجانی کوردستان و پیشەوەرەکانی کوردستانەوە بیستووە."
 
 
فەرەنسا: چاومان لە بەرنامەکانی رووداوە
 
برێم یان، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژە بە پاڵپشتییەکانی فەرەنسا کرد بۆ پاراستنی بەها دیموکراسییەکان بەتایبەت ئازادیی رادەربڕین و میدیای ئازاد لە هەرێمی کوردستان.
 
کۆنسووڵی فەرەنسا لە گوتارەکەیدا دەڵێ: "ئێمە پشتگیری لە ئازادیی رادەربڕین و فرە چەشنی دەکەین و بەدڵنیاییەوە میدیا رۆڵێكی سەرەکی لەو چوارچێوەیەدا دەگێڕێت. متمانەپێکردنی زانیارییەکان و پیشەیی رۆژنامەڤانان دەبێت بپارێزرێن تاوەکو رۆژنامەڤانان بتوانن کاری خۆیان بکەن."
 
ئەو دیپلۆماتکارەی فەرەنسا، چاوەڕێی بەرنامە و رووماڵی رووداوە بۆ هەڵبژاردنەکان و گوتیشی، "چاومان لەوەیە کە گوێ لە دیبەیتەکان بگرین، سەیریان بکەین و لێکدانەوەیان بۆ بکەین، وەکو هەموو دیپلۆماتکارێک مافی خۆیەتی بیکات. زۆر سوپاس. بەهیوای بەختێکی باش بۆ هەفتەکانی ئایندە."
 
دەقی گوتارەکەی: 

من داوای لێبووردن دەکەم چونکە کوردییەکەم زۆر لە خوار فەرەنسییەکەی تۆیە (ئاماژە بۆ بێستوون عوسمان دەکات) . لە قوڵایی دڵمەوە سوپاست دەکەم بۆ ئەوەی کە بە فەرەنسی منت بە ئامادەبووان ناساند. هەروەها سوپاس بۆ ئاماژەکردن بۆ پاڵپشتییەکانی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان. بەڕێز کاک ئاکۆ، بەڕێزان لە رووداو، ئامادەبووانی بەرێز زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنی ئێمە و دڵخۆشم کە بووینەتە بەشێک لەو گەشتە. هەروەک باستان کرد، فەرەنسا مێژوویەکی دوورودرێژی لە پاڵپشتیکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە، مێژوویەکی دوورودرێژی لە پاڵپشتیکردن لە خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی هەیە و مێژوویەکی دوورودرێژیشی لە پاڵپشتیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. دووبارە ئەمڕۆ و بەیانی ئێمە زۆر پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەکەین، ئەوە یەکەم جار نییە کە من ئەوە دەڵێم، بەڵکو ئێمە لەماوەی مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام ئەوەمان باسکردووە کە پاڵپشتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین، ئێمە تەنانەت لەڕووی داراییشەوە لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتیمان کردووە و هەوڵمانداوە کە لەوە دڵنیابینەوە کە هەموو شتێک لە شوێنی خۆیەتی بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت. 

سەبارەت بە رۆڵی میدیا و رۆڵی دیبەتکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دا، من دەڵێم کە میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە تەواوی جیهان، نەک تەنیا لە هەڵبژاردن دا، بەڵکو لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دا رۆڵی هەیە. ئێمە پاڵپشتی لەو یاسایانە دەکەین، کە بەرگریی لە ئازادی رادەبڕین و فرەچەشنی دەکەن. هەروەها ئازادی رادەربڕین و فرەچەشنی دوو بنەمای گرنگی دیبەیتن. هەروەک کاک ئاکۆ و هاوتا بەریتانییەکەم باسییان کرد، متمانەپێکردنی زانیارییەکان و پیشەییبوون لە رۆژنامەڤانی دا دەبێت بپارێزرێت بۆ ئەوەی رۆژنامەڤانان و میدیا بتوانن کاری خۆیان بکەن و زانیاری بدەنە خەڵک. ئەوەش لایەنێكی گرنگی پڕۆسەی دیموکراتی و دیبەیتە گشتییەکانە، کە دەبێت پێش هەڵبژاردن بکرێن. 

هەربۆیە ئێمە زۆر پشتیوانی لە دیبەتی ئازاد، کراوە و ئاشتییانە دەکەین، هەروەها پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، کراوە و ئاشتیانەش دەکەین. هەروەها چاومان لەوەیە کە گوێ لە دیبەیتەکان بگرین، سەیریان بکەین و لێکدانەوەیان بۆ بکەین، وەکو هەموو دیپلۆماتکارێک مافی خۆیەتی بیکات.  زۆر سوپاس. بەهیوای بەختێکی باش بۆ هەفتەکانی ئایندە. 

 

 
تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق: دژی ئەوانە بن کە دەیانەوێت ئاگری تووندوتیژی خۆش بکەن 
 
تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، سەبارەت بە بەرنامەکانی رووداو رایگەیاند، "بەرنامەی 100 کورسیی تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی هیوابەخشە بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵبژاردنێکی دادوەرانە و هاوسەنگ، ئەوەیش لە رێگەی دابینکردنی گفتوگۆی بەربژێری حیزب و لیستە جیاوازەکان و تێکەڵکردنیان بە قسەکردن لەسەر ئەو پرسانەی بۆ گەلی کورد گرنگن. بەرنامەکەی رووداو بەڵێنی گفتوگۆی سیاسیی کوالێتیی بەرز و بەنێوەڕۆک دەدات کە هەر تەنیا ئەو بانگەشە و قسانە نییە کە زۆر لە ئێوە و لە دەنگدەران بیستووتانن."
 
لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکاندا، تۆڕی میدیایی رووداو دەیان دیبەیت؛ چاوپێکەوتن، گفتوگۆی سیاسی، راپۆرتی مەیدانی بە شێوازی نوێ و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك پێشکێشی بینەرانی لە کوردستان و جیهان دەکات.
 
دەقی گوتارەکەی: 

لە ئیڤێنتی راگەیاندنی بەرنامەی 100 کورسیی تۆڕی میدیایی رووداودا یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەنرخێنێت. هەرچەندە ئێمە زیاتر و زیاتر رەخنەمان لە دواکەوتنی بەردەوامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرتووە، کە ئێستا دوو ساڵە دواخراوە، دەبێت دانیشتووانی هەرێمی کوردستان رێگەیان پێبدرێت سەرەکیترین مافی دیموکراسییانە جێبەجێبکەن، کە ئەویش بە لایەنی کەمەوە دەربڕینی ویستی سیاسییانە لە رێگەی هەڵبژاردنێکی رێکوپێکی پەرلەمانەوە.

هەر بۆیە دەمێکە داکۆکیم لەوە کردووە هەڵبژاردن بکرێت و، بەدرێژایی هەفتەکانی رابردوو بیروڕا ئاڵوگۆڕکردنم لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسییەکان دا لەلا بەنرخ بوو. ئینجا ئێستا ئەوەتا 20ی تشرینی یەکەم بۆ هەڵبژاردنەکەتان دیاریکراوە. دەبێت لە هەر کاتێکدا گفتوگۆی سیاسی بکرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، چەند هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردن ژمارە و تووندی ئەو گفتوگۆیانە زیاد دەبێت. ئا لەم کاتەدایە کە راگەیاندنەکان بەتایبەتی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. دەتوانن گوزارشت لە هەڵوێستی لایەنگرانەی ئەم حیزب یان ئەو حیزب و ئەم بەربژێر یان ئەو بەربژێر بکەن. ئەمەیش بە تەواوی لەژێر چەتری ئازادی راگەیاندن و رادەربڕیندا دەبێت. 

وێرای ئەوەیش، دەبێت راگەیاندن هەوڵبدات بەشێوەیەکی بابەتییانە خەڵک لە بەرنامە و هەڵوێست و بیرۆکەی حیزبەکان ئاگادار بکاتەوە. دەبێت لە پێشکەشکردنی بەرنامە سیاسییەکاندا دادوەر و هاوسەنگ بن. دەبێت دژی ئەوانە بن کە تەنیا دەیانەوێت ئاگری کردەوەی نادیمۆکراسییانە و تەنانەت تووندوتیژی خۆش بکەن. 

بەرنامەی 100 کورسیی تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی هیوابەخشە بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵبژاردنێکی دادوەرانە و هاوسەنگ، ئەوەیش لە رێگەی دابینکردنی گفتوگۆی بەربژێری حیزب و لیستە جیاوازەکان و تێکەڵکردنیان بە قسەکردن لەسەر ئەو پرسە کلیلیانەی بۆ گەلی کورد گرنگن. با ئاماژە بکەم بە هەندێک بابەتی گرنگ، لەوانە: دیموکراسیی زیاتر، باشتر گەشەکردنی ئابووری، کاری زیاتر لە کەرتی تایبەت دا، کەمتر دەستوەردان لە حکومەت دا و گۆڕانی کەشوهەوا. من زۆر جار ئەم پرسانەم لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی بیستووە.

بەرنامەکەی رووداو بەڵێنی گفتوگۆی سیاسیی کوالێتی بەرز و بەنێوەڕۆک دەدات، کە هەر تەنیا ئەو بانگەشە و قسانە نییە، کە زۆر لە ئێوە و لە دەنگدەران بیستووتانن. 

هیوادارم کە خەڵکی هەرێمی کوردستان زانیارییان لەبارەی هەڵوێستە سیاسییەکان و بەڵێنەکان لەسەر بابەتێکی دیاریکراو زیاد بکەن و هەست بەوە بکەن کە زانیاری زۆر باشتریان هەیە تاوەکو لە 20ی تشرینی یەکەم دا بڕیاری خۆیان بدەن. دەزانم کە لە راگەیاندنەکانی دیکەیشدا بانگەشە و بەرنامە و فیچەر و گفتوگۆ دەکرێت، کە ئێمە بە هەمان ئەندازە بایەخیان بۆ دادەنێین. ئێمە بە یەکسانی بایەخیان بۆ دادەنێین ئەگەر پەیڕەو لەو بنەمایانە بکەن کە روونم کردنەوە.

هیوادارم کە بەرنامەی 100 کورسی سەرکەوتووبێت و گرنگتر لەوەیش هیوای هەڵبژاردنێکی ئازادانە و دادوەرانە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق دەخوازم.

زۆر سوپاس.
 
 
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە