سەرۆک بارزانی بۆ بەرپرسی لقی 22ی پارتی: ئەنجامدەران باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسی لقی 22ی پارتی قسەی کرد. سەرکۆنەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدان، بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن". 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-07-2024، سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی کرد. بارەگای بارزانی دەڵێت، سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی لەو رووداوەدا بە سەلامەت دەربازی بووە.
 
رۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقییەوە. لەبارەی رووداوەکە، ئەکرەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''کاژێر 09:30ـی بەیانی، کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم بۆ ئەوەی بچمە دەوام، لەگەڵ جووڵانی، ئۆتۆمبێلەکەم تەقییەوە و گڕێکی زۆر و دەنگێکی بەهێزی لێ بەرزبووەوە.''
 
ئەمڕۆ سێشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی 22ـی حیزبەکە لە کەلار رایگەیاند: "کردەوەیەکی تیرۆریستییە" و داوای لە دامودەزگاکانی سنوورەکە کرد لێکۆڵینەوەی ورد بکەن.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە "ئەو جۆرە کارە تێکدەرانە کاریگەرى دەبێت بۆ سەر سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان و، بە ئامانجگرتنى هەڤاڵان و کادیرانى پارتیمان لە لایەن هەر لایەن و گرووپێکەوە بێت، قبووڵکراو نییە و رێگە نادەین تێکدەران بە مەرامەکانیان بگەن".
 
لە راگەیێندراوەکەی پارتی دا هاتووە، "لەپێناو سەقامگیرى و ئاسایشى کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکى خۆیان هەڵسن و ئەنجامدەرانى کردەوە تیرۆریستییەکە بدۆزنەوە و رووبەڕووى یاسا بکرێنەوە".
 
سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی، سەرکۆنەی "کردەوە تیرۆریستییەکە"ی کرد و دەڵێت، "ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستیەدان بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن".

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە