جووتیاران و خاوەن زەوییەکانی کەرکووک لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر حەلبووسی تۆماردەکەن

16-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دادگای باڵای فیدراڵی جوتیارانی کورد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک جووتیار و خاوەن زەوییەکانی پارێزگای کەرکووک دوو سکاڵایان لە دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق تۆمارکردووە و، داوای گێڕانەوەی زەوییەکانیان دەکەن، ئەو زەوییانەی بەپێی دوو بڕیاری سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕشی سەردەمی بەعس، لێیان وەرگیراوەتەوە. 
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 16-8-2023، دانیشتنێکی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای جووتیاران و خاوەنە رەسەنەکانی بەشێک لە زەوییەکانی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت.
 
سکاڵای یەکەم  ژمارە 141/فیدراڵی/2023ـی هەیە، هەر یەک لە عیزەدین غازی عاسی، نەجات موكەڕەم عەبدوڵڵا، شابوور نەجمەدین کەریم، لوقمان عەدنان جونەید تاڵەبانی. سکاڵایان لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە و داوا دەکەن بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 824ـی 16-8- 1976 بە نادەستووری بزانێت.
 
بڕیارەکە تایبەتە بە تاپۆکردنی ژمارەیەک زەوی لە سنووری ناحیەی داقووق و تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی  کشتوکاڵی وەکو موڵکی رەها کە هیچ پابەندبوونێک یان مافێکی هیچ کەسی بەسەرەوە نییە، ئەوەش بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر جووتیاران بەپێی بنچینەکانی پشتپێبەستوو لە یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی ژمارە 117ـی ساڵی 1970.
 
بڕیاری 824 یەکێکە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵوەشاوەی شۆڕشی حیزبی بەعس و تێیدا 14 زەوی بە رووبەری زۆر وەرگیراوەتەوە.
 
سکاڵای دووەم ژمارە 142/فیدراڵی/2023ـی هەیە، سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر، رەمزی حەمید حوسێن، سکاڵایان لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکردووە و داوادەکەن دادگەکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 949ـی ساڵی 1997 و هەموارکراو و تاکە یاسای یەکخستنی جۆرەکانی زەویی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 و تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی دارایی بە مەبەستەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی، بدات.
 
رۆژی یەکشەممە، 16-7-2023، عیززەدین غازی عاسی، نوێنەری جووتیاران کە یەکێکە لەوانەی سکاڵای تۆمار کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە سکاڵاکەمان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان کردووە، چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعس بدات، کە تەنیا بە پێنج بڕیار 325 هەزار دۆنم زەویی ئێمەی وەرگرتەوە و بەخەڵکی دیکەی دا، لەنێو ئەو زەوییانە نزیکەی 30 هەزاریان هی ئێمەیە".
 
بڕیاری ژمارە 54ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش کە لە ساڵی 1970 دەرکراوە، بەپێی یەکێک لە خشتەکانی کە خشتەی ژمارە سێیە و زەوییەکانی 14 گوندی پارێزگای کەرکووک لەنێویاندا گوندەکانی شەناغە، جەرد، سەربەشاخ، قرغەتوو، کتکە، پەڵکانە، کزووشان و هی دیکە، وەرگیراونەتەوە.
 
یاسای یەکخستنی جۆری زەوییەکانی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 یەکێکە لە یاساکانی سەردەمی بەعس و بەگوێرەی یاساکە، سەتان دۆنم زەوی لە کورد وەرگیرایەوە.
 
لە سەردەمی بەعسدا بە سەتان دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەردا گیراوە و بەپێی یاسا و بڕیارەکانی ئەوکات لە خاوەنە رەسەنەکانیان وەرگیراونەتەوە و دراونەتە عەرەبی هاوردە، یان بەناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە تۆمارکراون، ئێستا خاوەن ئەو زەوییانە داوای زەوییەکانیان دەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 40 رۆژە مانیان گرتووە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.