رووداو دیجیتاڵ
د. عادل باخەوان، شارەزا لە کاروباری سیاسیی فەرەنسا، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پێگەی هەرێمی کوردستانیش لەنێو سیاسەتی فەرەنسادا جێگیرە، بەڵام بۆچوونی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بۆ چارەنووسی هەرێمی کوردستان جیاوازە.
فەرەنسا ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پچڕاندووە، هەروەها ساردییەک لە پەیوەندییەکانی پاریس و حکومەتەکانی سعودیە، ئێران و ئوردوندا هەیە، لەوبارەیەوە د. عادل باخەوان دەڵێت "بەلای فەرەنساوە تورکیا لەلایەن سوڵتانێکەوە حکومداری دەکرێت و سعودیەش لەلایەن قەسابێک و ئێرانیش لەلایەن پۆپۆلیستەکانەوە حکوم دەکرێت؛ ئەو سیاسەتەش لەگەڵ نەوەی نوێی حکومداری فەرەنسا ناگونجێت، بۆیە دەیەوێت بە بوونی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان قەرەبووی پەیوەندییەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە".
کورد پەیوەندییەکی مێژوویی تووندوتۆڵی لەگەڵ فەرەنسا هەبووە و هەیە، لەدوای گشتپرسیی هەرێمی کوردستان کە زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیان لێکرد، فەرەنسا بە پێچەوانەوە سیاسەتی کرد، لەوبارەیەوە د. عادل باخەوان ئاماژەی بەوە کرد "پێگەی کورد لە سیاسەتی فەرەنسادا جێگیرە، کاتێک جیهان پشتی لە هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆک ماکرۆن تەحەدای هەموو جیهانی کرد بە پێشوازیکردنی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە".
ئەو شارەزایەی کاروباری سیاسیی فەرەنسا باسی لەوە کرد "سیاسەتوانانی فەرەنسا دوو بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، یەکێکیان پێیانوایە هەرێمی کوردستان بەهێزبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، ئەوانی دیکە پێیانوایە دەبێت فەرەنسا هەموو هەوڵێک بدات بۆئەوەی دەوڵەتێکی کوردی دروستبکات و بەهێزبێت".
بوونی پەیوەندیی پتەو لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و بوونی رێککەوتنی درێژخایەن، هۆکاری تووڕەکردنی فەرەنسا بوو، بە گوتەی د. عادل باخەوان "پەیوەندیی پتەوی نێوان هەولێر و ئەنقەرە خاڵی ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسایە، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا نیگەرانن لەو پەیوەندییە، بەتایبەتی رێککەوتنی 50 ساڵەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە".
د. عادل باخەوان روونیکردەوە، بۆچوون و هەڵوێستی بەغدا و پاریس هاوتایە بەرامبەر هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان.




