رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی ونبوونی یاد سەربازی تەمەن چوار ساڵان لە بناری قەندیل، دوای دۆزینەوەی تەرمێکی شێوێنراو، گەیشتووەتە قۆناخێکی ئاڵۆز و پڕ لە پرسیار. لە کاتێکدا باوکی یاد دڵنیایە لە جلوبەرگەکانی، بەڵام گومانێکی قووڵی لە ئێسکەکان هەیە و دەڵێت، "ناکرێت تەرمی کوڕەکەم لە 15 رۆژدا بەو شێوەیە شیبووبێتەوە." پزیشکی داد رایدەگەیێنێت کە تاوەکو هەموو پارچەکانی تەرمەکە کۆنەکرێنەوە، هیچ ئەنجامێک راناگەیێنن و، دەستەی مافی مرۆڤیش سێ سیناریۆ بۆ رووداوەکە دەخاتەڕوو.
سەرباز عەلی، باوکی یاد، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە وردەکارییەکانی خستەڕوو. ئەو دڵنیایە لەوەی جلوبەرگ و پێڵاوە دۆزراوەکان هی کوڕەکەیەتی، بەڵام ئەو شێوازەی تەرمەکە شیبووەتەوە، گومانی لا دروستکردووە. ئەو دەڵێت،"گومانمان لە ئێسکەکان و کەلـلەسەرەکە هەیە، چونکە هیچ گۆشت و موویەکی پێوە نەماوە. وەک ئەوە وایە 5 بۆ 6 ساڵ بێت لەو شوێنە مابێتەوە، نەک 15 رۆژ".
باوکی یاد هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە بوونی کێشەی خێزانی دەکەن و جەختی کردەوە، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان نییە. هاوکات، ئاشکرای کرد کە کوڕە خەزوورێکی بە 'گومان' دەستبەسەر کراوە، بەڵام رایگەیاند، وەک خێزانی یاد، "پێش بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان و دادپزیشکی ناکەوین." ماڵباتەکە بڕیاریان داوە تاوەکو ئەنجامی پشکنینی DNA دەرنەچێت و ناسنامەی تەرمەکە 100% یەکلایی نەبێتەوە، پرسە بۆ کوڕەکەیان دانەنێن.
دکتۆر دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری، لەبارەی گومانەکەی باوکی یادەوە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبواری عەلی پێشکێشی کرد گوتی، شیبوونەوەی تەرمی منداڵ بەراورد بە کەسێکی پێگەیشتوو خێراترە، چونکە "بارستە و قەبارەی بچووکە و شانە و خانەکانی رێژەیەکی زیاتر ئاویان تێدایە."
بە گوتەی دکتۆر دیلمان، فاکتەری ژینگەیی کاریگەریی گەورەی هەیە. "ئەو ژینگەیەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە، ئەگەر مێروولە و بەکتریای زۆری لێبێت، پرۆسەی شیبوونەوەکە زۆر خێرا دەکات. بۆیە لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژدا، بەڵێ دەکرێت تەرمی منداڵێک بگاتە ئەو قۆناخەی تەنیا ئێسکەکانی بمێننەوە."
دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی پزیشکی دادی هەرێمی کوردستان، بۆ رووداو جەختی کردەوە کە "ئەو ئێسکانەی هێنراون، کەمن و داوای پارچەکانی دیکەمان کردووە." دەشڵێت، تاوەکو هەموو پارچەکان کۆنەکرێنەوە، ناتوانن توێکاری بکەن و ئەنجامی کۆتایی رابگەیێنن، چونکە هەر لێدوانێک کاریگەری لەسەر رەوتی لێکۆڵینەوەکان دەبێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە چاودێریی دۆسیەکە دەکات. تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ لە دەستەکە، لە (بەرپرسیار)گوتی، تیمەکانیان لە رێگەی نووسینگەی راپەڕینەوە بەدواداچوونیان کردووە و "سێ سیناریۆ"ـی سەرەکییان لەبەرچاو گرتووە:
1. ونبوون: رەنگە منداڵەکە خۆی دوورکەوتبێتەوە و لەنێو گژوگیای چڕی ناوچەکەدا رێگەی لێ ونبووبێت.
2. هێرشی ئاژەڵی دڕندە: ئەگەری ئەوە هەیە ئاژەڵێکی دڕندە هێرشی کردبێتە سەری.
3. رووداوی هاتووچۆ (شێلان): گومان دەکرێت ئۆتۆمبێلێک لێی دابێت و شۆفێرەکە بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی، تەرمەکەی گواستبێتەوە بۆ شوێنێکی دوورەدەست.
تاڤگە عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی هەندێک زانیاریی نافەرمی، "رەنگە ئێسک و پرووسکەکە هی منداڵێکی تەمەن 5 بۆ 6 ساڵ بێت،" بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە تەنیا زانیارییە و ئەوەی دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە، راپۆرتی کۆتایی پزیشکی دادی سلێمانییە.
ئێستا دۆسیەکە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی ئاسایش، پۆلیس و تەندروستییەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت و هەموو لایەنەکان چاوەڕێی وشەی کۆتایی پزیشکی دادن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی ئەم رووداوە دڵتەزێنە.


