رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران و هەورەتریشقە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی تورکیا دەگرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیاش هۆشداری دەدات لە دروستبوونی لافاو و زیادبوونی خێرایی با لە چەند ناوچەیەک.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، ئیوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، بارانبارین لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان دەستپێدەکات. ئەم شەپۆلە لە کاتی شەودا بۆ لێزمەباران دەگۆڕێت. پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممەش کاریگەرییەکەی بمێنێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی ئێوارەدا لە پارێزگاکانی (ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم، قەرس، ئەردەخان و سێواس) بارانبارین دەستپێدەکات و لە کاتی شەودا لێزمەبارانی بەهێز و هەورەتریشقە دەبێت. هەروەها لە کاتی شەودا پارێزگاکانی (وان، جۆلەمێرگ، ئاگری، ئیدر، سێرت، بەدلیس و مووش) لێزمەباران و هەورەتریشقە دەستپێدەکات. لە کاتی بەرەبەیاندا نمەباران بەشێوەی پچڕپچڕ دەبارێت.
بەهۆی بەهێزیی شەپۆلەکەوە، کەشناسی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی (قەرس، سێرت، ئاگری و بەدلیس).
جگە لە باران، پێشبینی دەکرێت خێرایی با لەو ناوچانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و لە نێوان 65 بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، تیکڕای گەرمی لەو پارێزگایانەی شەپۆلەکە دەیانگرێتەوە، لە نێوان 13 بۆ 24 پلەی سیلیزی دەبێت.
هەر ئەمڕۆ لە کاتی شەودا لێزمەباران و هەورەتریشقە 11 پارێزگای ناوەڕاست و هەرێمی دەریای رەشی تورکیا دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی دەکات، سبەی دووشەممە 15ـی مانگ، شەپۆڵی لێزمەبارانەکە لە حەوت پارێزگای باکووری کوردستان بەردەوام بێت.



