رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان "بە باش و ئەرێنی" ناودەبەن و ئومێدەوارن کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێکبهێندرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-3-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "ئەمە دووجارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامدا".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامدا بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی".
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو؛ لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میلـلەتەکەمان باش بێت، رێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان".
دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی: بەخێرهاتنی کاک بافڵ دەکەین، ئەمە دوو جارە ئێمە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامدا بۆ لەیەکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی گشتی. پێشکەوتنی زۆر باش، پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لەسەر ئەو بابەتانە هەبووە و ئومێدەوارم تیمەکانیش بتوانن هەر بەو رووحیەتە بگەنە رێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵیان خۆش بێت بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوانمان.
بافڵ تاڵەبانیش بەمشێوەیە باسی کۆبوونەوەکەی کرد: ئەوەی کە من تێگەیشتم، کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو، لەسەر چەند شتێکی ستراتیژی کە بۆ میلـلەتەکەمان باش بێت رێککەوتووین، پێشموایە گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بەزووترین حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی میلـلەتەکەمان.
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەو قسانەیان دوای کۆبوونەوەکەیان کرد و دواتر بە تەوقەیەکی گەرم ماڵئاواییان لە یەکدی کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتیش، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و "هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ