رووداو دیجیتاڵ
شێروان شێروانی، یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان، بڕیاربوو 09ـی ئەم مانگە بە "ئازادکردنی بە مەرج" ئازاد بکرێت. ئەمڕۆ دادوەری دۆسیەکە رەتیکردەوە ئەو حوکمدراوە بە مەرج ئازاد بکات. پارێزەرەکەی دەڵێت، شەش مانگی دیکە شێروان ئازاد دەکرێت.
رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرانی شێروان شێروانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە یەکشەممەی رابردووەوە لە هەوڵداین بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی، بەڵام ئەمڕۆ دادوەر رەتیکردەوە بە ئازادکردنی بەمەرج ئازادی بکات".
شێروان شێروانی زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە. ئەرتیسی دەڵێت: "داوامانکردبوو بە ئازادکردنی بە مەرج شێروان ئازاد بکرێت، بەڵام کە دادوەر رەتیکردەوە، دەبێت شەش مانگی دیکە لە زیندان بمێنێتەوە".
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر، 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا.
شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازادکران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.
لەبارەی هۆکاری چوار ساڵەکەی شێروان شێروانی، رەمەزان ئەرتیسی گوتی: "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکرا و دواتر گوتمان مادەم ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە."
پارێزەرەکە دەشڵێت، "بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنیا گۆهدار زێباری نەبێت کە ئەو کات لە زیندانی تاکە کەسی بوو و داوای کرد شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بکات و ئەویش واژۆی بۆ کرد. دادگە لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیکە سزای شێروانی دایەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ