نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک: لە پارتە سیاسییەکانی کورد ناڕازین

16-03-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
یادی هەڵەبجە لە کەرکووک
یادی هەڵەبجە لە کەرکووک
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییانی مانگرتوو لە خێوەتی مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز، ئەمڕۆ لە یادی 36 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ماتەمینیان راگەیاند و پێنج خولەک بۆ گیانی قوربانییانی ئەو کارەساتە بەبێ دەنگی وەستان. 
 
لەسەر هەموو خانووەکانی گەڕەکەکە، وەک نیشانەیەکی ماتەمینی بۆ هەڵەبجە، ئاڵای رەش هەڵکرا. دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز ئومێدەوارن یەکڕیزیی کورد، تەنیا لەم بۆنەیەدا نەبێت و لەسەر پرسە نیشتمانییەکانیش یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن.
 
مەحموود محەممەد، نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز دەڵێ "دوایین پەیاممان بۆ پارتە سیاسییەکان ئەوەیە؛ ئێمە لێیان ناڕازین و تاوەکو ئێستا پێکەوە کارناکەن و وەکو پێویست یەکدەنگ و دەست نین. تکایان لێدەکەین تا ئێرە و بەسە، پرسی کورد، دۆخی کەرکووک و کوردستان ئەم دووبەرەکییە هەڵناگرێت."
 
بەپێی رێککەوتنی پێشوەختە، پارتی و یەکێتی لەگەڵ هەموو حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک یادی هەڵەبجەیان کردەوە. ئەو دوو حیزبە کە نزیکەی سێ مانگە لەسەر پرسی دانانی پارێزگاری کەرکووک کۆنەبوونەتەوە، دەڵێن "بەنیازین کۆببینەوە." 
 
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت "ئومێدمان هەیە پێکەوە کۆببینەوە و لە کۆبوونەوە زیاتر چارەسەری دیکەمان نییە. هەموو بابەتەکانیش بەدانیشتن چارەسەر دەبن و دەتوانین لەسەر مێزی گفتوگۆ هەموو بابەتەکان باس بکەین و چارەسەریان بکەین. ئەوەی گرنگە جارێ؛ یەکڕیزی و پێداگرییە لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنێین."
 
یەکێتی لەوە گەیشتووە پێکنەهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک، خەڵکی نیگەران و توڕە کردووە و، ئومێدیان لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی ئیدارەدانی کەرکووک هەڵچنیوە تاوەکو ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە. 
 
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ "پێشبینی دەکەم لە ئەمڕۆ بەدواوە گۆڕانکاری بێتە ئاراوە، چونکە خەڵکیش چاوەڕێی گۆڕانکارییە و ئەوان بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە بەتایبەتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تاوەکو خزمەت بکرێن، وا نزیکەی سێ مانگە و تائێستا ئەوە نەهاتووەتە دی." 
 
بڕیاروایە، سەرۆک و نوێنەرانی حیزبە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەم هەفتەیەدا بۆ سێیەمجار لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆببنەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە