وه‌زاره‌تی ناوخۆ: لە ئەمڕۆوە لەکاتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا پارەی ژینگە وەرناگیرێت

16-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی ته‌واو كاره‌بایی بۆ جاری یەکەم بێ به‌رامبه‌رە و پارەی ژینگەشیان لێ وەرناگیرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-02-2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە بۆ جێبەجێکردن، رەوانەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ کراوە و لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت".
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، "بڕیارەکە بۆ هاندانی هاووڵاتییانە بۆ به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی ته‌واو كاره‌بایی، كه‌ به‌شداره‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ژینگه".
 
بڕیارەکە بەناوی رێنمایی ژمارەی دووی ساڵی 2025 لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە. 
 
9ـی ئەم مانگە، رووداو لە بەدواداچوونێکدا بڵاوی کردەوە، ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە بە دۆستی ژینگە ناسراوە و بەنزین و رۆنی ناوێت، دەبێت لە هەرێمی کوردستان وەک ئۆتۆمبێلەکانی دیکە پارەی ژینگە بدات.
 
تاوەکو پێنجشەممەی رابردوو، هەر ئۆتۆمبێلێک تۆمار بکرایە پارەی پێنج ساڵی بۆ رێگەوبان و ژینگە لێوەردەگیرا، ئێستاش پارەی رێگەوبان وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ئەمڕۆوە پارەی ژینگە نادرێت، کە بۆ هەر ساڵێک 10 هەزار دینار و بۆ پێنج ساڵەکە 50 هەزار دینار بوو.
 
ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی جیهان بەرەو زیادبوون دەچێت، بە دۆستی ژینگە دادەنرێت، بەو پێیەی هیچ سووتەمەنییەکی پێویست نییە.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری 100٪ لێخۆشبوونی باجی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەرکرد.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن کە بە سووتەمەنی کار دەکەن و بەهۆکارێکی پیسیکردنی ژینگە دادەنرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە