شێروان شێروانی بە 6 ساڵ بەندکردن سزا درا

16-02-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن شێروان شێروانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزەرێکی خۆبەخش رایگەیاند شێروان شێروانی و چوار کەسی دیکە بە "تاوانی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەر یەکەیان بە شەش 6 ساڵ بەندکردن سزادراون.
 
ئاسۆ هاشم، پارێزەری خۆبەخش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە دادگای هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و 4 هاوڕێی دیکەی، بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.
 
ئاسۆ هاشم، کە پارێزەری خۆبەخشە و لەسەر دۆسیەکەی مامۆستا بەدەل بەرواری کاردەکات، گوتی:"دۆسیەکەی بەدەل بەرواری گەڕێندراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە، چونکە بە گوتەی دادگا، دۆسیەکەی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە".
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، رۆژنامەڤان، شێروان شێروانی دەستگیرکرا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراوە و تۆمەتبارە بە "گوتنى قسەى نەشیاو، تۆمەت دروستکردن و تێکدانى ئاشتیی کۆمەڵایەتى".
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شێروان شێروانی لەسەر فەرمانى راگرتن کە لە دادگەى لێکۆڵینەوەى دهۆک دەرچووە دەستگیر کراوە و "تۆمەتبارە بەپێى ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بۆ ساڵى 2003 کە لە پەرلەمانى کوردستان هەموارکراوە"، بەپێی یاساکانی سزادانی عێراقی سزاکە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات، بەڵام بەپێی یاسای هەموارکراوی هەرێمی کوردستان لەسێدارەدان گۆڕاوە بۆ سزای زیندان کە دەکرێت تاوەکو زیندانی هەتاهەتاییش بڕوات.
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی دیندار زێباری بڵاویکردەوە، لەکاتى لێکۆڵینەوەى سەرەتاییدا، شێروان شێروانى دانى بەوە ناوە کە ئەو "لە سەرچاوەى دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و پشێوى، ناشرینکردن و گوتنى قسەى نەشیاو بە بەرپرسان و کەسانى خاوەن پێگەى کۆمەڵایەتیى دیاریکراو، هەروەها بەلاڕێدابردنى ناڕەزایى و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەکان بۆ دروستبوونى تووندوتیژى هەروەها هەڕەشەکردن لە دادوەران".
 
بەڵام هەرێم رەفعەت، پارێزەری شێروان شێروانی بە رووداوی گوت: "دەبێت روونبکرێتەوە ئەو سەرچاوە دەرەکییە کێیە کە هاوکاریی دارایی کردووە".
 
بەپێى یاساى رۆژنامەڤانی لە هەرێمى کوردستان لە ماددەی 35ـى ساڵى 2007، ناتواندرێت رۆژنامەڤان دەستگیربکرێت، تەنیا بە فەرمانى دادگە و رەزامەندیی سەندیکاى رۆژنامەنووسان نەبێت، بەپێى ئەو یاسایەى سەرەوە هێزەکانى پۆلیس رۆژنامەڤانی "تۆمەتبار و تێوەگلاو لە سەرپێچیکردن" دەستگیر ناکەن، تەنیا کاتێک کە دادگە داوا دەکات بە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست. ئەوەش لە کاتى دروستکردنى مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى و بڵاوکردنەوەى تووندوتیژی. بۆ ئەوەش بەپێى یاساى سزادانى عێراقى ژمارە 111ـى ساڵى 1969 مامەڵە دەکرێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە