خوێندنی باڵا بۆ رووداو: نزیکەی 3,000 مامۆستای وانەبێژی زانکۆ دەکرێنە گرێبەست

15-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە پرۆسەی بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ هێنا. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: نزیکەی سێ هەزار مامۆستا دەکرێنە گرێبەست.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2024، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ناوی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژانیان بۆ وەزارەت گەڕاندووەتەوە، کە ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار مامۆستایە و دەکرێنە گرێبەست".
گوتیشی، "سبەی لە چوارچێوەی رێکارەکانی بە گرێبەستکردنیان؛ ناوی سەرجەم مامۆستاکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەنێرین".
لەبارەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ، توانا نەجەف، دەڵێت، "نۆ هەزار لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ، کە دەرچووانی ساڵانی 2018 تاوەکو 2023 دەگرێتەوە، بایۆمەتریان کردووە و بە مەبەستی دامەزراندن ناوەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان  ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەوڵداین بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان خاوەن بڕوانامەی باڵان، وەکو دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا، کە ئەوانەش ژمارەیان زیاتر لە 900 کەسە و بڕیارە ناوەکانیان بۆ عێراق بنێردرێت".
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست و بڕیارە تاوەکو 25ـی ئەم مانگە رێکارەکانی بەگرێبەستبوونەکە کۆتایی بێت.
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە، ئەوەش بەگوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.