رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو پارەیەی بۆ لیژنەی مادەی 140 تەرخانکراوە، بەشی زۆری بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراقە و نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە قبووڵ بکات.
یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى پەرلەمانی مادەى 140ـی عێراق لەگەڵ هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەکە لە حکومەت لە 13ـی ئاب، کرا، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی هەردوو لیژنەی پەرلەمان و حکومەت بوو تایبەت بە مادەی 140 لەدوای 12 ساڵ. کۆبوونەوەکە پەردەى لەسەر یەکێک لە دۆسیە هەستیارەکان لادا، کە خەرجکردنى پارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو مادەیە بوو بۆ ئەو ناوچانەى ناکەونە سنوورى ناوچە جێناکۆکەکانى نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، گوتی: لە رابردوودا پارە بۆ مادەی 140 خەرجکراوە، لەپێش شەڕی داعش تاوەکو ساڵی 2021 بڕە پارەیەک بە ناوی مادەی 140 خەرجکراوە، بەڵام بڕێکی کەمی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن پارە خەرجکراوە.
گوتیشی: دوایین کۆبوونەوەی نێوان حکومەت و پەرلەمان لەوبارەیەوە یەکێک بووە لە خراپترین کۆبوونەوەکان، ئەو کۆبوونەوەیە تەنیا بۆ پێدانی شەرعییەت بوو بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی تەرخانکراوە، بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق خەرجبکرێت.
هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە، فەهمی بورهان کە خۆی یەکێک نەبوو لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، دەڵێ "نەک دەستکەوتی تێدا نەبوو، بەڵکو لەباربردنی هەوڵەکانی ماوەی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ئێستا ماڵێک لە خوارووی عێراق ئەگەر دارخورمایەکی سووتابێت قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام گوندێکی کوردستان کە بە خەڵکەکەیەوە سووتێنراوە، قەرەبوو ناکرێتەوە، ئەمە پەیامێکی روونە بۆ هەرێمی کوردستان، دەبێت گفتوگۆکانمان جیدیتر بکەینەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش كرد: کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 و تەرخانکردنی پارە بۆی، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە و لە کارنامەی حکومەتەکەی سوودانیدا هاتووە، نەک پارەکە ببرێت بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق خەرجبکرێت. پارەکە ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ نزیکەی 100 ملیار دینار و، دەبێت پارەی 500 فەرمانبەری لێ دەربهێنرێت و نزیکەی 425 هەزار دۆسیە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، ئەو پارەیەی تەرخانکراوە بەشی زۆری بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق دەبێت، ناکرێت ئەمەش قبووڵ بکرێت.
بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە، لیژنەی مادەی 140 پێویستی بە چوار تریلیۆن دینارە.
بەگوێرەى مادەى 140ـی دەستوورى عێراق، دەبێت دەسەڵاتى جێبەجێکردن، هەنگاوە پێویستەکانى جێبەجێکردنى مادەى 58ـی یاساى کارگێڕى دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناخى گواستنەوە بگرێتەبەر بە هەموو بڕگەکانییەوە کە بریتین لە قۆناخەکانى ئاساییکردنەوە، سەرژمێرى، راپرسی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانى دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ