نێچیرڤان بارزانی: دەبێت لە زووترین کاتدا هەنگاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بنرێت

15-06-2023
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە هەولێر كۆبووەوە و گوتی: دەبێت هەرچی زووە هەنگاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بنرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 15-06-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە كە لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان سەردانی هەولێریان كرد. 
 
لە كۆبوونەوەكەدا جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یونامی و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون. 
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "دەبێت هەرچی زووە هەنگاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بنرێت." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان، حكومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی. 
 
جینین پلاسخارت و تیمی یونامی، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی راگەیاند و ئامادەییان نیشاندا بۆ پێشكێشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بانگهێشت و گرنگیدان بە راگۆڕینەوە و گفتوگۆ، هەروەها ئامادەییان نیشاندا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و رێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوەببەن. "بڕیاردرا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن."  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە