ئاوارەکان بازاڕی چێشتخانە و مۆتێلەکان دەبووژێننەوە

15-06-2014
ئارام کاکەخان
رووداو
رووداو
نیشانەکردن ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو - هەولێر

ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەو نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان سستبوونیان بەخۆوە بینی، بەڵام ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنییەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا روو‌ی عێراق کردو بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی موسڵ و دەوروبەری روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمەش وایکرد جووڵەیەک بکەوێتە بازاڕەوە بەتایبەت مۆتێل و چێشتخانەکان.

بەهۆی هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی شارەکانی تکریت و روومادی و موسڵ ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەم ئاوارەبوونەش بازاڕی میوانخانە و مۆتێلەکان و چێشتخانەکانی گەرم کردووە، بەشێک لە خاوەن میوانخانە و مۆتێلەکان دەڵێن بازاڕیان سەدا ٩٠ باشتر بووەو ئێستا ژووری بەتاڵیان نەماوە، بەشێکی دیکەش لە خاوەن میوانخانە و مۆتێلەکان دەڵێن ئێمە تەنیا وەکو هەلێکی بازرگانی سەیری ئەم بارودۆخە ناکەین و یارمەتیدەری ئاوارەکانین.

بەڕێوەبەری مۆتێلێک پێیوایە ئاوارەبوونی ئەم رێژە بەرزەی خەڵک بۆ هەرێمی کوردستان و نیشتەجێبوونیان لە مۆتێل و میوانخانەکان بارگرانییان بۆ دروست دەکات، ئەمە جگە لەوەی دەبێت رەچاوی بارودۆخیان بکەن و داشکاندنیان لە نرخدا بۆ بکەن.

ئەو ئاوارانەی کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان تەنیا بازاڕی میوانخانە و مۆتێلەکانیان گەرم نەکردووە، بەڵکو بازاڕی چێشتخانەکانیشیان گەرم کردووە، بەتایبەت ئەو چێشتخانانەی کە نرخی خواردەمەنییەکانیان بەرز نییە.

لە هەرێمی کوردستان ٥٨٢ میوانخانە و ٢٨٢ مۆتێل و  ٧٢ گوندی گەشتیاری هەن، کە ژمارەی ژوورەکانیان دەگاتە نزیکەی ١٧ هەزار و ٧٠٠ ژوورو و ٤١ هەزارو  ٨٠٠ قەرەوێڵە، ئەمە جگە لە ١٥٨٠ رێستورانت و کافتریا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە