رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی پسوولەی مانگی شەشی پرۆژەی رووناکی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی داتاکان، نیوەی هاوبەشانی پرۆژەکە کەمتر لە 34 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، لەکاتێکدا کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، وەزارەتی کارەبا بڵاویکردووەتەوە، کە داتای پسوولەکانی مانگی شەش لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناک ئامادە کراون و زۆرینەی هاووڵاتیان ماوەی خولی پسوولەکەیان نزیکەی 43 رۆژ بووە. لەم خولەدا، کێشەی "پسوولەی سفر" بۆ بەشێکی زۆری هاوبەشان چارەسەرکراوە و ئەوانەی دیکەش لە خولەکانی داهاتوودا چارەسەر دەکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، 80%ـی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای موەلیدە و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد. ئێستا زیاتر لە 90%ـی ئەو هاووڵاتیانەی کەوتوونەتە ناو پرۆژەکە، کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە.
لەبارەی خەرجیی مانگانەی ماڵان لەسەر ئاستی پارێزگاکان، داتاکان دەریدەخەن کە نیوەی ماڵان لە مانگی شەشدا بەم شێوەیە پارەیان بۆ گەڕاوەتەوە:
هەولێر: کەمتر لە 36 هەزار دینار بۆ بەکارهێنانی 480 کیلۆوات.
سلێمانی: کەمتر لە 30 هەزار دینار بۆ بەکارهێنانی 418 کیلۆوات.
دهۆک: کەمتر لە 38 هەزار دینار بۆ بەکارهێنانی 516 کیلۆوات.
هەڵەبجە: کەمتر لە 27 هەزار دینار بۆ بەکارهێنانی 368 کیلۆوات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنێکی 50%ـی بۆ قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی رووناک وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوبەشان راگەیاندووە، تاوەکو بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە، وەزارەتی کارەبا دووپاتی دەکاتەوە کە "ئەم داشکاندنە درێژناکرێتەوە."
پرۆژەی رووناک لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی حکومەت ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.


.jpeg&w=3840&q=75)

