رووداو- تەندروستی
لەبارەی خانمانەوە توێژەرانی ئەمریکی توێژینەوەیەکیان کردووە و دەرکەوتووە؛ 25٪ـی خانمانی بەشداربوو زانیاریی دروستیان لەبارەی ئەو کێشە و نیشانە دەروونییانە نەبووە کە پێش وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە تووشیان دەبێت، هەر بۆیە وادەزانن تووشی کێشەی دەروونیی دیکە بوون.
توێژینەوەیەک لە لەلایەن دامەزراوەی تەندروستیی LifeStance Health لە ئەمریکا کراوە و هەزار خانمی لەخۆگرتووە؛ سێیەکی ئەو خانمانەی بە قۆناخی پێشوەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانەدا یان وەستانی سووڕی مانگانەدا تێدەپەڕن، ئاگاداری ئەو نیشانە دەروونییانە نین لەو قۆناخە تووشیان دەبێت.
د.ستیفانی ئیکن، بەرپرسی باڵای پزیشکی لە دامەزراوەکە دەڵێت، "دەروونی خانمان بە درێژایی قۆناخەکانی ژیانیان بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان دەگۆڕێت، قۆناخی پێشوەستان و وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە لە گەورەترین گۆڕانکارییەکانن کە پێویستە خانمان چاودێریی وردی دەرووندروستییان بکەن''.
بە گوێرەی توێژینەوە ئەمریکییەکە، زۆربەی خانمان لەسەرەتادا نیشانەکانیان بۆ نەخۆشییەکی دیکە گەڕاندووەتەوە، 49% پێیانوابووە تووشی دڵەڕاوکێ بوون و 39%یش پێیانوابووە تووشی خەمۆکی بوون، بێ ئەوەی بیبەستنەوە بە گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکانەوە.
قۆناخی پێشوەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە بریتییە لەو قۆناخەی، هێلکەدانەکان چالاکییان کەمتر دەبێت و گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین و پڕۆجیستیرۆن روودەدات.
بەپێی WHO، گرنگترین نیشانە دەروونییەکانی قۆناخی پێشوەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە ئەمانەن؛
خەمۆکی
دڵەڕاوکێ
کەمبوونەوەی سەرنج
تێکچوونی کەیف (تێکچوونی میزاج)
.png&w=3840&q=75)


.png&w=3840&q=75)