دایکی کچە 6 ساڵانەکەی بۆکان کە دەستدریژیی کرایە سەر: تاوانباران پێیان گوتم پەشیمان نین

دوێنێ کاژێر 12:06
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا، کچێکی تەمەن 6 ساڵان بەهۆی دەستدرێژی گیانی لەدەستدا. چوار تۆمەتبار دەستگیرکراون کە یەکێکیان باوکیەتی. دایکی ئەو کچە دەڵێت، تاوانباران پێیان گوتووە پەشیمان نین.
 
رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، فەرزانە رەحمانی، دایکی نیان چەلەبیانی ئەو کچە شەش ساڵانەی دەستدرێژی کرابووە سەر، لە بووڵەتنی کاژێر 17:00 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگە بە باشی بەڕێوەچوو و بە باشی مامەڵیان لەگەڵ کردین، بەڵام تاوانباران پێش رۆشتنە ژوورەوە بۆ بەردەم دادوەر، پێیان گوتم 'پەشیمان نین و ئەگەر دووبارە بۆمان هەڵکەوێتەوە، هەمان کار دەکەینەوە."
 
فەرزانە رەحمانی گوتی، "هەر تاوانبارێک قسەیەکی دەکرد و قسەکانیان یەکی نەدەگرتەوە."
 
"بۆ ماوەی چوار ساڵ باوکی نیان رێگەی نەدا کچەکەم ببینم"
 
دایکی نیان دەڵێت، من ئاگادار بووم کە مێردەکەم پەیوەندی لەگەڵ دوو ژنی دیکە دا هەبوو، بۆیە هەموو کات کێشەمان هەبوو، تووندوتیژی بەرامبەر من و نیان دەکرد و "پێی دەگوتم، دەبێت بڕۆم ئەو ژن دێنێت. بەڵام من دەمزانی کە دوای رۆشتنم ناهێڵێت کچەکەم لەگەڵ خۆم دا ببەم، کەسیش نییە چاودێریی بکات، بۆیە هەر قبووڵم کرد و نەڕۆشتم."

 

 
فەرزانە رەحمانی گوتی، "دواجار، چوار ساڵ پێش ئێستا شەوێکیان کاژێر 04:00ـی بەیانی لە ماڵەوە دەریکردم و زۆری لێدام، دوای ئەوە بە هیچ شێوەیەک رێگەی پینەدەدام نە کچەکەم نە وێنەی ببینم و نەگوێم لە دەنگی بێت."
 
لەبارەی ئەو 4 ساڵە، دایکی نیان باسی هەوڵەکانی بۆ بینینی کچەکەی دەکات و دەڵێت، "لەو ماوەیدا داوای یاساییم کردەوە، کە بە یاسا کچەکەم ببینم، بەڵام باوکی بۆ ماوەی سێ مانگ خۆی لە دادگە دزییەوە بۆ بینینی کچەکەم ئەمڕۆ و سبەی دەکرد، دواجار بە یاساش نەیهێشت کچەکەم ببینم، دواتر هەموو قوتابخانەکان گەڕام بەڵام نەبوو، لە ساڵێکدا باوکی نیان 5 خانووی دەگۆڕی، تاوەکو من نیان نەدۆزمەوە و ئاگاداری ئەو کارانە نەبم کە بەرامبەری دەکرێت."
 
دایکی ئەو کچە 6 ساڵانە دەڵێت، "لەماوەی ئەو 4 ساڵەدا، یەکجار گوێم لە دەنگی کچەکەم بوو، ئەویش بردبووی بۆ ماڵی هاوڕێیەکی، ژنی  هاورێکەشی پەیوەندی پێوەکردم تاوەکو قسە لەگەڵ نیان دا بکەم، هەر ئەو جارە قسەم لەگەڵ دا کردووە."
 
رووداوەکە چۆن بوو؟
 
فەرزانە رەحمانی دەڵێت، "لە ماڵەوە بووم، کاژێر 12:00ـی شەو لە نەخۆشخانە تەلەفونیان بۆ کردم، گوتیان نیان لێرەیە، بەڵام هیچی وا نییە و مەترسە. من وا بیرم دەکردەوە تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، بەڵام کە نیانم بینی، زۆر لاواز بوو لەسەر جێگە کەوتبوو."
 
بە گوتەی دایکی، "نیان زۆر ئازار درابوو، لەسەر قۆڵی شوێنی سووتان هەبوو، سەری چەند تەقەڵێکی پێوەبوو، ئەوەندە سەریان لەسەر زەوی کێشابوو کە هەموو سەری رووشا بوو. چەنەگەیان لە زەوی دابوو، پشتی دەستەکانیان بە چەقۆ کڕاندبوو تاوەکو وای نیشاندەن خۆی کوشتووە، بۆ ماوەی ساڵێک بە شێوازێک دەستدرێژیی کرابووە سەر کە کەسی گەورە بەرگەی ئەم دەستدرێژییەی نەدەگرت، هەردوو رانەکانی سووتێندرابوون، پێنج نینۆکی دەرهێندرابوون، 50 دەنک حەبی ترامدۆڵیان پێدابوو کە لە نەخۆشخانە 27ـیان لە گەدەی دەرهێنابوو، بە چەند کەسێک گرتبوویان و ئاوی کوڵاویان کردبووە ناو گیانی بە مەبەستی کوشتنی."
 
تاوانبارەکانی ئەم رووداوە کێن؟
 
دایکی ئەو کچە 6 ساڵانە دەڵێت، "باوکی نیان پەیوەندی لەگەڵ کچ و دایکێکدا هەبووە بە یەکەوە، پەیوەندییەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان بووە، بۆ ماوەی ساڵێک کوڕی ئەو ژنە دەستدرێژی کردووەتە سەر نیان، باوکیشی ئاگادار بووە، بەڵام گوتوویەتی کێشە نییە و کە نیان بوو بە 9 ساڵ لە کوڕەکەی مارە دەکات، هەر چواریان بەیەکەوە ئازاریان داوە."
 
دایکی نیان داوا دەکات، "ئەو چوار کەسە بە سزای خۆیان بگەن و ئەوانیش لە سێدارە بدرێن."
 
 
هاوکات سەردار حاجی ئەحمەدی، پارێزەری دۆسیەکەی نیان بە رووداوی گوت، "چوار کەس دەستگیرکراون، بەڵام سێ تۆمەتباری سەرەکی هەن، بەپێی مادەی 224، دەبێ تاوانبارانی دەستدرێژی سێکسی لەسێدارە بدرێن."
 
بە گوتەی پارێزەر سەردار حاجی ئەحمەدی، دوو تۆمەت لەسەر تۆمەتباران هەن، دەستدرێژی و کوشتنی بە ئەنقەسەت، هیچ کاتێکی دیارکراو نییە، بەڵام بە زووترین کات کەیسەکە یەکلایی دەکرێتەوە. گوتیشی "ئەمڕۆ دادوەر چالاکانە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد."
 
16-01-2025، باوکی نیان، کچەکەی دەیگەیێننە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان. پزیشکی ئێشکگر و پەرستارانی بەشی فریاکەوتن ئاسەواری دەستدرێژی و ئازاردان و سووتاندن لەسەر جەستەی ئەو کچە دەبینن، بۆیە پاسەوانانی نەخۆشخانە ئاگادار دەکەنەوە و هەر لەوێ باوکی دەستبەسەر دەکرێت.
 
نیان رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ دەکرێت، بەڵام دوای نیوەڕۆی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی لەدەستدا.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە